هەرێمی کوردستانی عێراق، قەیران لە ناوخۆ و چاو لە دەرەوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i250156-هەرێمی_کوردستانی_عێراق_قەیران_لە_ناوخۆ_و_چاو_لە_دەرەوە
لە حاڵێک دا قەیرانە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕوو لە پەرەن حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروا دڵخۆشە بەو شتەی لە دەرەوەڕا پێ دەسپێردرێ و چاوی بڕیوەتە دەرەوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئاب 29, 2016 16:09 Asia/Tehran
  • هەرێمی کوردستانی عێراق، قەیران لە ناوخۆ و چاو لە دەرەوە

لە حاڵێک دا قەیرانە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕوو لە پەرەن حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروا دڵخۆشە بەو شتەی لە دەرەوەڕا پێ دەسپێردرێ و چاوی بڕیوەتە دەرەوە.

محەممەد بازیانی سکرتێری گشتی بزووتنەوەی گەشە و چاکسازیی هەرێمی کوردستانی عێراق، وتی بە داخەوە هەرێم بەرەو دۆخێکی مەترسیدار دەڕوات و ئەگەر بەرپرسەکان کارێک بۆ ئەو دۆخە نەکەن خەڵکی هەرێم بەرەوڕووی دۆخێکی کاڕەساتبار و ناخۆش دەبنەوە.

هەرێکی کوردستانی عێراق پاش رووخانی سەدام لەساڵی 2003 پێی نایە سەردەمێکی تازە و ئەزمونی تازەی دەست کەوت.

ئۆتۆنۆمی ئەو ناوچەیە لە یاسای بنەڕەتی عێراق دا بە فەرمی ناسرا و دەوڵەت و پارلمانی خۆجێیی هەیە، میوانداری چەند شاندی دیپڵۆماتیکی دەوڵەتانە و لە حکومەتی عێراقیش دا چەند پۆستی گرنگیان بە دەستەوەیە کە گرنگترینیان پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقە.

بەڵام ئەو هەرێمە بە گرتنەبەری سیاسەت و هەڵوێستی دور کەوتنەوە لە دەوڵەتی ناوەندی، توشی گیروگرفتی جۆراوجۆر هاتوە.هەرێمی کوردستانی عێراق بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی وێڕای ئەوەی کە لە ئاستی سەرانسەری دا لەگەڵ بەغدا پەیوەندییەکانی تووشی گرژی هات، لە قەیرانەکانی ناوچەی رۆژئاوای ئاسیاش دا سەربەخۆ لە دەوڵەتی ناوەندی عێراق و بە گوێرەی ئەو شتەی کە لە دەرەوە ڕا بەسەری دەسەپێندرێ جوڵایەوە بە تایبەتی لە لایەن واشنتۆن و ئانکاراوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئاستی سەرانسەری دا لە چوار کەرتی وزە( چۆنیەتی کەڵک وەرگرتن لە داهاتەکانی نەوت)،خاک( کەرکوک و مادەی 140)،ئابوری(بودجە)،و ئاسایشی(هێزەکانی پێشمەرگە) لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی بەغدا بە توندی ناکۆکی هەیە و تا بە ئێستاش ناکۆکییەکان چارەسەر نەکراون.

ناکۆکییەکان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی بەغدا و خەیاڵی سەربەخۆ بوون لای پارتی دیموکڕاتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی بووە هۆی ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە قەیرانە ناوچەییەکان بە تایبەتی پاش ساڵی 2011 زایینی، سەربەخۆ لە دەوڵەتی ناوەندیی بەغدا بجۆڵێتەوە.ئەوە لە حاڵێک دایە کە بە گوێرەی دەستوری عێراق هەرێمەکان لە سیاسەتی دەرەوە دا سەربەخۆ نین و شوێنکەوتەی دەوڵەتی ناوەندین.

تێکەڵاوی ئەو ناکۆکیانەی باس کران و سیاسەتی  دەرەوەی سەربەخۆ و کێشە خولقێن لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە، وای کرد کێشەکان درز بکەنە باری گوزەران و ژیانی خەک و تەناهی خەڵک قەیرانی تێکەوێ.

لەماوەی ساڵی دوایی دا چەندین جار موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە مانگ دوا کەوتوە کە بە تایبەتی لە کۆتاکانی ساڵی 2015 و سەرەتاکانی 2016 بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەرایەتی دژە حکومی لەو هەرێمە.

قەیرانی ئابوری بووە هۆی ئەوەی کە ژمارێکی زۆر لە پڕۆژەکان و ئاوەدانکردنەوەی هەرێم پەکیان بکەوێ.ڕێژەی بێکاری و هەڵاوسانیش چەند ئەوەندە بەرز بوەوە.

فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکانیش نەیتوانی کێشەی گوزەرانی خەڵک چارەسەر بکات چونکە لە ئاکامی سیاسەتەکانی ئەمریکا و عەڕەبستان کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو دا هەرێمی کوردستانی عێراق هاوڕەوتی سیاسەتەکانی ئەوان لە عێراق و سوریا بووە، نرخی نەوتی لە هەر بەرمیلێک زیاتر لە 100 دۆلارەوە تا ئاستی هەر بەرمیلێک 30 دۆلار دابەزاند.

لە هەمان کاتیشداگەندەڵی ئابوری و سیاسیش تا دێ تاو دەستێنێ و بەرەوڕووی ڕەخنە و گازندەی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بۆتەوە.

بە سەرنج دان بەو بارودۆخە محەممەد بازیانی سکرتێری گشتی بزووتنەوەی گەشە وچاکسازی هەرێمی کوردستانی عێراق ئاماژەی بە بێ هیوایی سەرجەم چین و توێژەکانی هەرێم کرد و وتی خەڵک لە مافە یاسایی و شارۆمەندییەکانی خۆیان بێ بەش کراون و گوزەرانیان بە سەختی تێدەپەرێنن.

وا پێ دەچێ هەرێمی کوردستانی عێراق لە حاڵەتێک دا دەتوانێ قەیرانەکانی کە بەشی هەرە زۆریان خۆکردن چارەسەرکات کە لە لایەکی لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی عێراق دا هەڵسوکەوت بکات و گرژییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی چارەسەر کات و لە لایەکی دیکەش گوێ لە مستی دەوڵەتانی دەرەوە بە تایبەتی ئەمریکا و تورکیا نەبێت.