ناوەندی بڕیار لە نێو یەکیەتی نیشتمانیی کوردستانی عێراق راگێندرا
جێگرانی سکرتێری گشتیی یەکێەتی نیشتمانیی کوردستانی عێراق بەپاڵپشتی ژمارەیەک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی-سەرکردایەتی و کادرانی پێشکەوتوو و .... ناوەندی بڕیاری یەکێتی رادەگەیەنن .
ماڵپەڕی خەندانی سەر بە بەرهەم ساڵح جێگری دوهەمی سکرتێری گشتیی یەکیەتی نیشتمانیی لە هەواڵێکدا رایگەیاند :جێگرانی سکرتێری گشتیی بەپاڵپشتی ژمارەیەک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی-سەرکردایەتی و کادرانی پێشکەوتوو .. ناوەندی بڕیاری یەکێتیان راگه یاند .
له راگێندراوێکدا کە ماڵپەڕی خەندان بڵاوی کردووەتەوە بێ ئەوەی ناوی کەس یان کەسانێک ببرێ کە ناوەندی بڕیاری یەکیەتیان دامەزراندووە هاتووە لەمەوبەدوا هیچ بڕیارێک بێ ئەرێ کرانی لە لایەن ناوەندی بڕیارەوە بە ناوی یەکیەتی دەرناچێ .
هەروەها لەخ راگێندارەوەکە بێ ناوبردنی تاکێک یان کەسانێک ئاماژە کراوە بە " گروپێکی پاوانکار " کە دەستیان داوەتە تاڵانی سامانی نەوت و بە هۆکاری بێسەروبەری و بشێویی و بێ بڕیاری لە نێو یەکیەتی دا ناوی براوە .
لە بەشێکی راگێنداروەکەدا هاتووە :ئێمەی پەیڕەوانی ڕێبازی مام جەلال، دڵسۆزانی یەکێتی، چیتر ناکرێ بێدەنگ بین لە پەیڕەوشکێنی و بنکۆڵکردنی حیزبی و پەراوێزخستنی یەکێتی لە ئاستی ناوچەکەو پەردەپۆشکردنی قەیرانەکانی، ناکرێ چیتر لێگەڕێین خەباتی 41 ساڵەی یەکێتی ئاوا بەدەستی ئەم گروپە دژ بەئاراستەی چەپکە گوڵەکەی مامجەلال بەرن و یەکێتی لەهێزێکی شۆڕشگێڕی داکۆکیکاری بەرژەوەندی خەڵکەوە بکەنە حیزبی بنەماڵە و بەشداربووی تاڵانی سامانی وڵات وبڕینی مووچەو نانی خەڵک. ئێستاش ئێمە هەر لایەنگیری چارەسەرکردنی کۆی کێشەکانی یەکێتین بەئاڕاستەی بەرژەوەندی یەکڕیزی یەکێتی و خۆسازدانەوەی بەتێزی چەپکەگوڵەکەی جەنابی مامجەلال و کاراکردنی بڕیاڕی بوێر و دڵسۆزانەی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بژێوی خەڵک و دابینکردنی مووچە و ڕێگرتن لە بەتاڵانبردنی سامانی وڵات و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاوانکردنی بازاڕ، بۆ چارەسەری ڕاستەقینەی باری چەقبەستووی سیاسی هەرێم، بەکێشەی دەستوور و سەرۆکایەتی هەرێمیشەوە، بەڕێزگرتن لەدامەزراوە دیموکراسی و شەرعیەکان، و بەتایبەتیش پەرلەمانی کوردستان، هەر لێرەشەوە دوپاتی دەکەینەوە کەئێمە خۆمان لەهەڵەو کەموکورتیەکان بێبەریناکەین، بەڵکو هەر یەکەمان بەپێگەو کرداری خۆمان زۆر یان کەم پشکی بەرپرسیارێتی ئەم دۆخەمان لەسەرشانە و خۆمانی لی بەری ناکەین، بەلام لێرەدا مەبەستمانە تەکبیر لە ئێستا و ئایندە بکەین بە دامەزراندنی ناوەندی شەرعی بریاری یەکیتی و بەشداری کارا لە چارەسەرکردنی کیشەکانی خەلک. لەپێناوی یەکێتی و پارێزگاری لە سەروەرییەکانی، و لە پەرۆشیمان بۆ پیشمەرگە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، و بۆ هاوکاری لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک، بریاڕمان دا ئەم ئەرکانەی خوارەوە جێبەجێ ئەکەین: 1. تا یەکلایی کردنەوەی کێشەکانی بەڕێوەبردنی یەکێتی، لەڕێگەی کۆنگرەیەکی شەرعی دوور لە تەزویر و دەستێوەردانی دەزگا ئەمنیەکان، ئێمە ناوەندی بڕیاری نێو یەکێتی ڕادەگەیەنین. بۆیە لێرە بەدواوە، هیچ بڕیاڕێک، چ لەناوخۆی حیزب یا بۆ دەرەوەی حیزب، بەبڕیاری گشتگیری یەکێتیی نازانرێت گەربێتوو بەئاگاداری و پەسەندکردنی ئەم ناوەندەی بڕیارەی یەکێتی نەبێت، بەپێچەوانەوە بۆ ناوخۆی یەکێتیی و دەرەوە و بۆ ڕای گشتی ناشەرعیبوونی ئەو بڕیارو سیاسەتانە ڕائەگەیەنین.
2. تا یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لەهێزی نیشتیمانی حکومەتی هەرێم، تەواوی هێزە چەکدارەکانی یەکێتی دەخرێنەوە سەر فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەو لەلایەن ئەو فەرماندەییەوە سەرکردایەتی دەکرێن. لە سایەی خەبات و خۆڕاگری هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەمڕۆ کەرامەت و ئاسایشی گەلی کوردستان پارێزراوە، بۆیە ئەرکی سەرشانمانە بە هەموو توانامانەوە هاوکاری چاککردنی باری گوزەرانی هیزی پیشمەرگە بین.
3. زەمینەسازی بۆ کۆنگرەیەکی شەرعی و بێخەوش و دوور لە تەزویر، هەروەها ڕەتکردنەوەی ئەو بڕیاڕو ڕێوشوێنانەی کەبونەتە مایەی شێواندن و قۆرخکردنی ئۆرگانەکانی یەکێتی و دەستەمۆکردنی کادیر و پەراوێزخستنی تێکۆشەرانی ڕەسەنی یەکێتی، و بە ئامانجی سازدانی یەکێتی بۆ ئایندە و نویبوونەوەی و بەشدارپێکردنی کارای ژنان و لاوان لە ناوەندەکانی بڕیاڕ.
4. دارایی یەکێتی، لەهەرکوێیەک بێت لەدامەزراوەی شەرعی خۆی، کەمەکتەبی داراییە کۆدەکەینەوە بەشێوەیەکی شەفافانە لەپێناوی بەرژەوەندییە گشتیەکانی یەکێتی و ئۆرگانەکانی بە کاردەهێنرێت.
5. پابەندبوون بە جێبەجیکردنی ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان و پەرەپێدانی ئەو ڕێکەوتنە بە کردار و بە ئاڕاستەی یەکخستنەوە و یەکگرتنەوە لەکەل هاوسەنگەرانی رابووردومان و سازدانی تواناکانمان بۆ چاکسازی و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد.
6. ڕێکەوتنی یەکێتی و پارتی دیمکراتی کوردستان هۆکاری تێپەڕاندنی قۆناغی شەڕی ناوخۆ بوو، و هەوێنی دەستکەوتی گەورە بوو بۆ گەلی کوردستان. ئەمڕۆش بێگومان پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی گرنگە و کاریگەری لەسەر ڕەوشی سیاسی و ئەمنی کوردستان هەیە. بۆیە لە پێناوی پاراستنی یەکڕیزی گەل و یەکبوونی حوکمڕانی کوردستان، لە پێناوی ئارامی و ئاسایشی گشتی، پیویستە پیاچوونەوە بەم پەیوەندیە بکەین بە ئاڕاستەی هاوسەنگی و دەربازبوون لە دۆخی چەقبەستووی ئێستای هەرێم و پێکهاتنی هێزە سەرەکیەکانی کوردستان.
7. حکومەتی هەریم ئێستا گیرۆدەی قەیران بە دووای قەیرانە، بۆیە پێویستە پێداچونەوەی بنەڕەتی بەپێکهاتە و سیاسەتەکانیدا بکرێت بکرێت بۆ چارەسەری کیشەی گوزەران و مووچەی خەڵک و گێڕانەوەی متمانەی هاولاتیان، و ڕەچاوکردنی شەفافیەتی ڕاستەقینە لەبواری داهات و خەرجیدا، بەتایبەتی لە بواری نەوت بەهەموو قۆناغەکانیەوە.
ماڵپەڕی باسنیوز نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کە زیاترین هەواڵی لەم بارەوە بڵاو کردووەتەوە دەڵێ زۆربەی سەرکردە ئەمنی و سەربازیەکانی یەکیەتی لە نێو ناوەندی بڕیاردان .