یەکەم کاردانەوەی نێو یەکیەتی بە راگێندرانی ناوەندی بڕیارلە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی عێراق
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i250867-یەکەم_کاردانەوەی_نێو_یەکیەتی_بە_راگێندرانی_ناوەندی_بڕیارلە_یەکێتی_نیشتمانیی_کوردستانی_عێراق
لەرونکردنەوەیەکدا بەناوی "زۆرینەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە"، راگەیاندنی ناوەندی بڕیار لەناو حزبەکەدا بەبێ‌ پەسەندنەکراوی پەیڕەوی ناوخۆ رەتدەکەنەوە‌و پێیانوایە "شەرعیەتی نیە".
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئه‌یلوول 02, 2016 14:40 Asia/Tehran
  • یەکەم کاردانەوەی نێو یەکیەتی بە راگێندرانی  ناوەندی بڕیارلە  یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی عێراق

لەرونکردنەوەیەکدا بەناوی "زۆرینەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە"، راگەیاندنی ناوەندی بڕیار لەناو حزبەکەدا بەبێ‌ پەسەندنەکراوی پەیڕەوی ناوخۆ رەتدەکەنەوە‌و پێیانوایە "شەرعیەتی نیە".

لەو رونکردنەوەیە دوای کۆبوونەوەیەک هات کە ئەمڕۆ هەینی لەدەباشان بەرێوەچوو کوردسات نیوز بڵاویکردەوە، بەئامادەبوونی ئەو مەکتەب سیاسی‌و سەرکردایەتییانەی لەگەڵ بیروبۆچوونەکانی ناوەندی بڕیاری یەکێتی، جیاوازییان هەیە.

لەرونکردنەوەکەدا هاتووە "راگەیاندنێکی هەر ئۆرگانێک، یان ناوەندێک، لەپەیڕەوی ناوخۆدا پەسەند نەکرابێ‌، لای زۆرینەی ئۆرگانە باڵاکانی یەکێتیی، بەهیچ چەشنێ، شەرعییەتی نییە".هەروەها باس لەوەکراوە "بابەتی هەستیاری ئاوهای بەشێکی مەکتەبی سیاسی‌و سەرکردایەتی، کە راگەیەندراوە، دوور و نزیک، لەمەکتەبی سیاسی‌و سەرکردایەتی یەکێتیی باس نەکراوە؛ هەروەها رەزامەندی ئەنجومەنی ناوەندیشی لەسەر وەرنەگیراوە".

جەخت لەوەشکراوەتەوە کە "دوای هەوڵێکی بەرپرسیارانە بۆ ئارام راگرتنی دۆخی ناو یەکێتیی‌و دۆزینەوەی چارەسەری راستەقینە لەسەر بنەمای پەیڕەوی ناوخۆ، بەمزوانە ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام دەدات‌و دوا سیاسەت‌و هەڵوێستی یەکێتیی، رادەگەیەنین".

ئەوەش دوای ئەوەدێت، جێگرانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەپاڵپشتی ژمارەیەک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی‌و سەرکردایەتی‌و کادرانی پێشکەوتوو، شەوی رابردوو ( پێنجشەممە لەسەر هەینی)  ناوەندی بڕیاری یەکێتی-یان راگەیاند، بەهۆی رەخنە‌و تێبینیەکانیان لەسەر شێوازی بەرێوەبردنی حزبەکە‌و پێگەی لەئاست رووداوەکاندا.

لەبەیاننامەی راگەیاندنی ناوەندی بڕیاری یەکێتیدا جەخت لەوەکراوەتەوە لەوەی "ئێستاش ئێمە هەر لایەنگیری چارەسەرکردنی کۆی کێشەکانی یەکێتین بەئاڕاستەی بەرژەوەندی یەکڕیزی یەکێتی و خۆسازدانەوەی  بەتێزی چەپکەگوڵەکەی جەنابی مامجەلال و کاراکردنی بڕیاڕی بوێر و دڵسۆزانەی یەکێتی".

هەروەها نوسیویانە "ئەم کارو بەرنامەیەمان بۆ ناو یەکێتیە، لە پێناوی یەکێتیە بەرەو کۆنگرەیەکی شەرعی دوور لە تەزویر، کۆنگرەی نوێنەرایەتی یەکێتیە ڕەسەنەکان، پەیڕەوانی ڕێبازەکەی مامجەلال".

ناوەندی بڕیاری یەکێتی دەڵێن "ئێمە خۆمان لەهەڵەو کەموکورتیەکان بێبەریناکەین، بەڵکو هەر یەکەمان بەپێگەو کرداری خۆمان زۆر یان کەم پشکی بەرپرسیارێتی ئەم دۆخەمان لەسەرشانە و خۆمانی لی بەری ناکەین، بەلام لێرەدا مەبەستمانە تەکبیر لە ئێستا و ئایندە بکەین بە دامەزراندنی ناوەندی شەرعی بریاری یەکیتی و بەشداری کارا لە چارەسەرکردنی کیشەکانی خەڵک".