ئەمینداری یەکگرتوو: بە بن بەست گەیشتنی کێشەکانی هەرێم نیشانەی فەشەل هێنانی سیاستمانە
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی عێراق دهڵێت؛ " دۆخی سایکۆلۆژی سەرکردەکان کوردستانیان بە ئەمڕۆ گەیاند، حیزب لە وڵاتاندا خزمەتکارەو بۆخزمەت دێتەکایەوە بەڵام لە کوردستاندا میللەت خزمەتی حیزبەکان دەکات".
بە پێی راپۆرتی سنوور میدیا ، سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە کۆنگرەی حەوتەمی یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند: کوردستان موڵکی کەس نییە و دۆخی سایکۆلۆژی سەرکردەکان کوردستانیان بە ئەمڕۆ گەیاند کە حیزب لە وڵاتاندا خزمەتکارە وە بۆخزمەت دێتەکایەوە بەڵام لە کوردستاندا میللەت خزمەتی حیزبەکان دەکات و حیزبەکان میلەت بە کار دەهێننن بۆ بەدیهێنانی مەرامە نادیارەکانی خۆیان، کە ئەمە کارەساتە.
هەروەها وتیشی: خەڵکێک هەیە بە هەر مەبەستێک بێت گلەیی دەکات کە بۆچی یەکگرتوو میانگری دەکات بۆچی ڕاستیەکان ناڵێت، ئەگەر بێت یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕاستیەکان بلێت، ئەوا کارەسات دروست دەبێت، چونکە ڕاستیەکان ئەوەندە تاڵە، ئەوەندە سەقەتە و ئەوەندە گشتگیرن، ئەگەر ڕاستیەکان بڵێن کەستان لێی سەلامەت نابن، ڕاستییەکان هەموان دەگرێتەوە.
لەسەر کێشەکانی یەکێتی سەلاحەدین محەمەد بەهادین ووتی: یەکێتی نیشتیمانی گیروگرفتیان هەیە و دەنگێکیان لێ بەرزبۆتەوە و بەیاننامەیان لەدژی یەک هەیە ئێمە بە ڕۆڵی ئاشتیانە و دۆستانەی خۆمان هەوڵمان لە گەڵ داون و ئەوانیش وەعدیان داوە کێشەکان گەورەتر نەکەن و ئالیەتەکانیان خۆیان بەکار بهێنن بۆ چارەسەرکردنی.
هەروەها وتیشی: ناکۆکی نێوان هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان قۆناغی سازان و پێکەوەکارکردنیان تێپەڕاندوە و دەبێت هەوڵی ئاشتەوایی بدرێت و پێویستە سەرکردەکان بە خۆیاندا بچنەوە و وڵات دەکوڵێت لە ناتەبایدا.
ڕاشیگەیاند "بە بنبەستگەیشتنی کێشەکانی هەرێم نیشانەی فە شە ل هینانی سیاسەتمانە و ئەو ئەزموونەی هەمانە بەرەو ئایندەیەکی نادیارمان دەبات".
هەروەها وتیشی "بۆ کێشەکانی بەغدا نابێیت ببینە ئەجێندای خەڵکانی تر و بە خۆشی بێت یان ناخۆشی دەبێت لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەین".