سەردانی ده میرتاش لە هەریمی کوردستانی ئیراق
بەرپرسی نووسینگەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەرێمی کوردستانی ئیراق ئاماژە بەوە دەکات کە سەڵاحەدین دەمیرتاش"ی هاوسەرۆکی پارتەکەیان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی ئەو هەرێمە کۆ بێتەوە .
لەمبارەیەوە عابید ئیکە، بەرپرسی نووسینگەی هەدەپە لە کوردستانی تورکیا ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ماوەیەکی زۆرە سەرکردایەتیی (هەدەپە) دەیەوێت لەگەڵ بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی سەردانی هاوسەرۆکانی هەدەپە بۆ وڵاتانی (ئەورووپا، ڕووسیا و ئەفەریقا)، ئەو سەردانە دواکەوتووە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکە، نزیک بوونەوەی سەرجەم هێزولایەنە سیاسییەکانی کوردستانە، لە کاتێکدا لەگەڵ هاتنی دەمیرتاش، جێگر و سەرۆک و بەشێک لە پەرلەمانتارانی (هەدەپە)، لەگەڵ شاندەکە دەبن و ماوەی چوار ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە".
بەرپرسی نووسینگەی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان ئەوەشی ئاشکرا کرد: "لە سەردانەکەی دەمیرتاشدا پەیامی نوێ ئەوەیە کە یەکێتیی گەلی کوردستان بەهێز بکرێت و وەک پەیام ئاراستەی بارزانی دەکرێت".
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دەستپێشخەریی بارزانی بۆ ئەو پرسە، عابید ئیکە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەم دۆخەدا پرۆسەی ئاشتی زۆر ئاستەمە، پێشووتریش عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ڕای گەیاندبوو کە ئەگەر پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ئاشتی دەوێت، با شاندێک بنێرنە ئیمرالی، بەڵام تائێستا حکوومەتی تورکیا وەڵامی ئەو داواکارییەی نەداوەتەوە”.
بەرپرسی نووسینگەی هەدەپە پێی وایە کە لەم قۆناغەدا بارزانی دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ ببینێت، هەر کەسێکیش لە ئاستی خۆیەوە دەتوانێت ڕۆڵ ببینێت.