پێشمەرگە خەندەقەکەی دەوری هەرێمی کوردستان تەواو دەکات
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پاراستنی هەرێم، دەستی کردەوە بە لێدانی خەندەق لە دەوروبەری هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوا و باشوور و باشووری ڕۆژهەڵات.
لیوا عەبدولرەحمان موسڵیح، فەرماندەى پێشمەرگە لە سنووری پارێزگاى سەڵاحەدین بە ماڵپەڕی (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاندووە: “پێشمەرگە هەڵکەندنى خەندەقى دەست پێ کردەوە و ئێستا لە لێدانی خەندەق لە دەوروبەری سەنگەرەکانی پێشمەرگە بەردەوامە”.
ماڵپەڕەکە ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە ماوەی 3 ڕۆژە لە ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای سەڵاحەدین( لە ناوچە کێشە لەسەرەکان ) ، بە تایبەتیش لە نزیک شاری خورماتوو، پێشمەرگە بە درێژایی چەند کیلۆمەترێک، خەندەقی هەڵکەندووە. هەرچەندە لەو ناوچانەدا هێزەکانی حەشدی شەعبی بوونیان هەیە.
لەمبارەیەشەوە محەمەد فایەق، بەرپرسى ڕاگەیاندنى قایمقامیەتى خورماتوو ڕایگەیاندووە: لەو ناوچەیەى پێشمەرگە خەندەق لێدەدات، هێزەکانى حەشدى شەعبى لێ نییە، بەڵام ڕەنگە لە داهاتوودا هەڵکەندنى خەندەق گرفتى لێبکەوێتەوە، بە تایبەتیش کاتێک دەگاتە باشوورى خورماتو کە هێزەکانى حەشدى شەعبی تێدایە".