قەیرانی ئابووری جارێکی تر کارمەندانی هەرێمی کوردستانی کێشایە سەر شەقامەکان
کارگێڕانی ئیدارەکان، هاورێ لەگەڵ مامۆستایان لەشاری سلێمانی و ژمارێکی تر لە شارەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق ، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە گەندەڵی ئابووری دۆخی ناڵەباری گۆزەران ووەدواکەوتنی مۆچەی خۆیان ، هاتنە سەر شەقامەکان.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس ، فەرمانبەرانی ئیدارەکانی شاری سلێمانی، بە سازدانی ناڕەزایەتی بە کۆمەڵ خوازیاری وەرگرتنی موچەی تۆکمە وتەواوی خۆیان لە کاتی دیارێکراوی یاساییدا بوون.
ئەم کارگیڕانە بە دەر کردنی بەیان نامەیەک ڕایانگەیاند هەتا کاتێک کە مۆچەکانیان بە شێوەی تۆکمە وتەواو وبە پێی یاسا لە کاتی دیاری کراوە نەدرێت ، ناگەڕێنەوە سەر کارەکانی خۆیان .ئەمە لە حاڵێکدایە کە مامۆستایانی هەرێمیش لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە بەڕێوە بردنی خۆپێشاندانی ناڕازیانە ، سەبارەت بە وەدواکەوتنی درێژ ماوە وکەم کرانی مۆچەکانیان بۆ نیوە ، ناڕەزایەتیان دەربڕی وسەرەڕای دەسپێکرانی ساڵی نوێی خوێندن ڕایانگەیاند ، هەتا کاتی وەرگرتنی تۆکمە وتەواوی موچەکانیان لە سەر پۆلەکان ئامادە نابن .
خۆپێشاندانی مامۆستایان و کارگیڕانی هەرێم لە ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە گەندەڵی ئابووری لە دەوڵەت وحێزبە سیاسیەکان ودۆخی نالەباری گوزەرانی خەڵک ، درێژەی هەیە ولەشارە جۆربەجۆرەکان لەوان سلێمانی، هەڵەبجە ، کەلار ،پێنجوێن و .... بەڕێوە چووە.
ئەم خۆپێشاندانە لە هەولێر تەنیا یەک رۆژ درێژەی هەبووە ومامۆستایان لە پارێزگەکانی هەولێر و دهۆک ، بەپێچەوانەی سلێمانی وهەڵەبجە ، لە سەر پۆلەکانیان ئامادە بوونە .