کونسوڵی فەڕەنسا: لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبین
کونسوڵی نوێی فەڕەنسا ڕایگەیاند: "فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لە ھاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ھێزی پشمەرگەی کوردستان”.
لەمیانی سەردانێکیدا بۆ قوتابخانەی فەڕەنسا لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە دۆمینیک ماس، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەرێمی کودستان، ڕایگەیاند: "فەڕەنسا لە ھاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا سوپای فەڕەنسا ھەموو ھەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ھەمیشە ھاوکاریی ماددی و مەعنەوی ھەرێمی کوردستان بکات”.
دەربارەی ئەوەی تاچەند فەڕەنسا، بەشداری لە ئۆپەڕاسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ دەکات؟ کونسوڵی فەڕەنسا، لەوەڵامی پرسیاری پەیامنێری باسنیوز گوتی: "بەڵێ، فەڕەنسا ڕۆڵی کارای دەبێت لە ئۆپەڕاسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ، چونکە سەرۆکی فەڕەنسا بڕیاریداوە، بۆ تێکشکاندنی داعش، چەندین بنکەی سەربازی لە نزیک مووسڵ جێگیر بکات”. دووپاتیشی کردەوە: “یەکێک لە هاوکارییەکانی فەڕەنسا بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەوەیە کە ھێزەکانی فەڕەنسا بەچەندین جۆر تیمی جیاوازەوە مەشق و ڕاھێنانی سەربازی بە پێشمەرگە دەکەن”.
دۆمینیک ماس تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە ئایندەدا هاوکارییە مرۆییەکانی فەڕەنسا بۆ ھەرێمی کوردستان زیاتر چڕ دەبێتەوە، بەتایبەتی تیمێکی “پڕۆفیشناڵی فەڕەنسا” مەشق و ڕاھێنان بە پێشمەرگە دەکات، بۆ ھەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکان.