پەرەسەندنی کێشە دارایەکانی کوردستانی ئێراق
ئامارو ڕێژە ڕاگەیەندراوەکان لە هەرێمی کوردستانی ئێراق باسی پەرەسەندنی هەژاری و نەداری و بەرتەسک بوونەوەی پێویستی خۆراک لەو ناوچەیە دەکەن .
بە پێی راپۆرتی ڕۆژی پێنجشەممەی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی کوردیی SNN؛ ناوەندی ڕێژە و ئاماری ناوچەی کوردستانی ئێراق ڕایگەیاندووە؛ دوابەدوای پەلاماری داعش بۆسەر ئێراق و سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری، سیاسی، ئاستی هەژاری و نەداری لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوو لانیکەم ٩% بەرز بۆتەوە.بە پێی ئەو ڕێژە و ئامارەی ڕاگەیەندراوە، ڕادەی هەژاری و نەداری لە کۆمەڵگەی کوردستانی ئێراق کە ساڵی ٢٠١٢ ٣.٥% بووە، ساڵی ٢٠١٦ تا ١٢.٥% بەرز بۆتەوە.
ناوچەری هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە لە دوو بواری سیاسی و ئابووریدا بەرەوڕووی قەیران و ئاڵۆزی بۆتەوە. پێشتر لە سای داهاتی یەکجار زۆری نەوتی و ڕەزامەندی لە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی لە سەر هەرێمی کوردستان، ئەم ناوچەیە ڕۆژانێکی خۆش و ئاسوودەی تێپەڕ دەکرد.
بە هاتنی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ ئێراق و داگیرکرانی ژمارێک لە ناوچەکانی ئەم وڵاتە و هەروەها کۆتایی ماوەی یاسایی سەرۆکایەتی بارزانی و رازی نەبوونی خەڵک و حیزبەکان بەرامبەر بە بەردەوام بوونی ئەو سەرۆکایەتییە لە ١٩ی ئاگوستی ٢٠١٥ بەم لاوە، هێدی هێدی کێشە سیاسی و داراییەکان سەریان هەڵدا و ئەمڕۆکە ئەو کێشە و گرفتانە تەنگی بە هەرێمی کوردستان هەڵچنیوە.
بەڕێوەبەرایەتی لاواز و پڕ کەم و کوڕی، دابەزینی نرخی نەوت و ناکۆکی لە پێوەندییەکانی هەولێر- ئانکارا و دوابەدوای ئەوە کێشەی دارایی لە هەرێمی کوردستان، دەنگی خەڵکی ئەم ناوچەی بەرز کردۆتەوە و خۆپیشاندان و مانگرتن لە بەشە جۆربەجۆرەکانی فەرمانبەران و کرێکارانی بەدواوە بووە.
دابەزینی نرخی جیهانیی نەوت کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر داهاتەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە، بەڵام ئەوەی بووە هۆی دەسپێبوونی ناڕەزایەتی دەربڕینی جەماوەری ، لە ڕاستیدا چەق بەستوویی سیاسیی لەم ناوچەیە و کاریگەری دانانی لە سەر ڕەوشی ئابووری و سەرهەڵدانی قەیرانی داراییە.
داخرانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی ئێراق لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ـەوە بە هۆی شەڕ و کێشەی سیاسیی لە سەر نوێ کرانەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی، زیاتر لە ڕابردوو کێشە ئابووری و سیاسییەکانی ئەم ناوچەیەی تەواو ئاڵۆزکاوتر کردووە.
بە کۆتایی هاتنی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی بارزانی، بە ڕێککەوتنی پارتە کوردستانییەکان دەبێ ماوەی سەرۆکایەتییەکەی نوێ بکرێتەوە یان ئەوەی کە کەسێکی دیکە لە ڕێگای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەوە ببێ بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق(پارتی) بە ڕێبەرایەتیی مەسعود بارزانی سوور و پێداگرە لەسەر سەرۆکایەتی بارزانی، بەڵام پارتە کوردییەکانی دیکە نەیاری ئەم مەسەلەن و هەر ئەم کێشە سیاسییەش بۆتە هۆی داخرانی پەرلەمانی هەرێم و هیچ چاوەدێرییەک لە سەر کاروباری سیاسی و ئابووریی کوردستانی ئێراق ناکرێ.
داخرانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی ئێراق بە مانای دابەزینی ئاستی دەسەڵاتی یاسا و دیموکراسی لەم ناوچەیە.
پارتی بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی لە هەڵس و کەوت لەگەڵ مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسا ناجوڵێتەوە و هەڵوێست و کردەوەکانیان بە مانای هەوڵ لە پێناو پاراستنی دەسەڵات شی دەکرێتەوە.
سیاسەتی بەرپرسانی "پارتی" لەوان کەسایەتیی مەسعوود بارزانی لە هێنانە ئارای مەسەلەی سەربەخۆیی و بەڕێوەچوونی کۆپرسی لە ناوچەی کوردستانی ئێراق، بە چەشنێک کۆنترۆڵ کردنی قەیرانی دارایی و سیاسی لە چوارچێوەی پاراستنی دەسەڵاتدایە. دەتوانین بڵێین هەوڵ دەدەن ئەم سیاسەتە بە لەونێک بە دەرمانی کێشە بەربڵاو و بەرفراوانەکانی کوردستانی ئێراق بنوێنن.