هەرێمی کوردستان پارەی پەتڕۆدۆلار بۆ کەرکووک دەنێرێت
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i256918-هەرێمی_کوردستان_پارەی_پەتڕۆدۆلار_بۆ_کەرکووک_دەنێرێت
پارێزگاری کەرکووک رایدەگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان بڕەپارەیەک لە بەرنامەی پەتڕۆدۆلار بۆ پارێزگای کەرکووک دەنێرێت.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی یه‌که‌م 06, 2016 10:59 Asia/Tehran
  • هەرێمی کوردستان پارەی پەتڕۆدۆلار بۆ کەرکووک دەنێرێت

پارێزگاری کەرکووک رایدەگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان بڕەپارەیەک لە بەرنامەی پەتڕۆدۆلار بۆ پارێزگای کەرکووک دەنێرێت.

رۆژی پێنجشەممە نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرە تەندروستییەکانی کەرکووک بڕیاریان داوە ئەو نەشتەرگەرییانەی دەتوانرێ دوابخرێن، لەم کاتەدا نەکرێن.

 

نەجمەدین کەریم هۆکاری ئەو بڕیارەی بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە، کە دەرمان لە نەخۆشخانەکانی کەرکووک کەمبووەتەوە، بە تایبەت دەرمانی بێ هۆشکردن بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری.

 

پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوەش دا، کە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی عێراق بەشە دەرمانی پارێزگاکە نانێرێت و ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی عەرەبیش روویان لە پارێزگاکە کردووە، کە بوونەتە بار بەسەر کەرکووک و نەخۆشخانەکانی.

 

نەجمەدین کەریم، کە دوای کردنەوەی بنکەیەکی تەندروستی لە گەڕەکی رەحیماوای کەرکووک کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی ئەنجام دا، ئاماژەی بەوەش دا، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕە پارەیەک لە بەرنامەی پترۆدۆلار بۆ پارێزگاکە دەنێرێت و هەموو پرۆژە تەواونەکراوەکانیش بەو بڕە پارەیە تەواو دەکەن.

 

بەپێی بەرنامەی پترۆدۆلار، لە هەر بەرمیلێک نەوتی دەرهێندراو، بڕە پارەیەک بۆ خزمەتگوزارییەکانی ئەو ناوچەیەی نەوتەکەی لێدەرهێنراوە، تەرخان دەکرێت.

 

بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنن, بەهۆی شەڕی تائیفیی و هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعش، زیاتر لە 1.5 ملیۆن هاووڵاتیی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، روویان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە کردووە.