بەریتانیا ژمارەیەک سەربازی دیکە دەنێرێتە هەولێر
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i257401-بەریتانیا_ژمارەیەک_سەربازی_دیکە_دەنێرێتە_هەولێر
حکوومەتی بەریتانیا بڕیاری داوە ژمارەیەک سەربازی دیکە بنێرێتە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە شاری هەولێر جێگیر دەکرێن.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی یه‌که‌م 09, 2016 09:47 Asia/Tehran
  • بەریتانیا ژمارەیەک سەربازی دیکە دەنێرێتە هەولێر

حکوومەتی بەریتانیا بڕیاری داوە ژمارەیەک سەربازی دیکە بنێرێتە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە شاری هەولێر جێگیر دەکرێن.

رۆژی یەکشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2016، میدیا بەریتانییەکان بڵاویان کردووەتە، کە 250 سەربازی دیکەی بەریتانیا لە چوارچێوەی شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، دەنێردرێنە شاری هەولێر.

بەپێی زانیارییەکان، ئەرکی ئەو سەربازانە مەشقکردن بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەبێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ.

ئەرکی ئەو 250 سەربازە، وێڕای مەشقی سەربازی، راهێنانی پێشمەرگەیە لەسەر پووچەڵکردنەوەی مین و بۆمبی چێندراو و دابینکردنی چارەسەری تەندروستیی سەرەتایی بۆ پێشمەرگە دەبێت.

دوای هێرشی داعش بۆ سەر  هەرێمی کوردستان، سەدان سەرباز و راوێژکاری سەربازیی وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، ئەمریکا، هەنگاریا و چەند وڵاتێکی دیکە بە مەشقکردن و ناردنی کەلوپەلی سەربازی، هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکەن.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.