مەسعوود بارزانی بەم زووانە سەردانی ئێران دەکات
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق وتی: مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی ئێران دەکات.
بەپێی ڕاپۆری دوێنێ سێ شەممەی هەواڵدەریی کوردپرێس، هێمن هەورامی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق لەهەمان کاتدا وتی: جارێ کاتی سەردانی مەسعوود بارزانی بۆ ئێران و تەوەری دانوستانەکان لەو سەفەرە، دیاری نەکراوە.
ماڵپەڕی سەوتولعێراق ڕاپۆری دا؛ فوئاد حوسێن، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق ڕایگەیاند، چاوەڕوانن هەتا ئێران کاتی سەردانی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران دیاری بکات.
سیاسەتی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەمبەر ئێراقدا، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێراقە.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەردەم لەدیداری بەرپرسانی حکومەتی بەغداو کوردستانی ئێراقدا، پێ دادەگرن لەسەر یەکڕیزی و یەکگرتوویی سیاسی ئەو وڵاتە.