مامۆستایانی هەرێمی کوردستان هانایان بردە بەر پەرلەمانی ئێراق
مامۆستایانی ناڕازیی هەرێمی کوردستان بەئامانجی چارەسەرکرانی کێشەکەیان هانایان بردە بەر پەرلەمانی ئێراق.
مامۆستایانی ناڕازیی لە هەرێمی کوردستان لە درێژەی ناڕەزایەتی دەربڕینیان بەرامبەر بە چارەسەر نەکرانی قەیرانی نەدرانی موچەی مامۆستایان، لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە پەرلەمانی ئێراق کرد وەفریایان کەوێ.
لە بەیاننامەی سەندیکای مامۆستایانی هەرێمی کوردستان هاتووە؛ موچەی شەش مانگی مامۆستایان هێشتا نەدراوە و ئەوی دیکەش کە پێیان دراوە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە ٧٠%ی لێ داشکاوە و تەنیا ٣٠%ی موچەی سەرەکیی خۆیان پێدراوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە؛ لە هەرێمی کوردستاندا پتر لە ٧٥٠ هەزار خوێندکار لە خوێندنگە و زانکۆکاندا خەریکی خوێندنن و پتر لە ٧٠ هەزار مامۆستایش لەو خوێندنگە و زانکۆیانەدا وانە دەڵێنەوە کە لە سەرجەمی ئەوانە ١٠ هەزار مامۆستای زانکۆ و خوێندنگە وازیان لە کارەکەیان هێناوە. هەر بۆیە بێتوو دەوڵەتی ئێراق وەفریای مامۆستایان نەکەوێ، کوردستانی ئێراق بەرەوروویی قەیران لە بواری پەروەردە و فێرکاری دەبێتەوە.
بەرهەم مستەفا ئەندامی نووسینگەی سەندیکای مامۆستایانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو داخوازەی مامۆستایان ، بە هەواڵنێری هەواڵدەریی ئیرنا لە هەولێری وت: ئێمە داکۆکی دەکەین لە ناڕەزایەتی و داخوازەکانی مامۆستایان، ئەوە مافی ڕەوای ئەوانە کە داوای یارمەتی لە بەغدا بکەن، لەبەر ئەوەی کە حکومەتی هەرێم شان و شکۆی مامۆستایانی بنپێ کردووە.
پاش تێپەڕینی نزیکەی یەک مانگ بە سەر دەسپێبوونی ساڵی نوێی خوێندن، زۆرێک لە خوێندنگەکانی سلێمانی و هەڵەبجە لەبەر نەهاتنی مامۆستایان بۆ سەر پۆلەکانی خوێندن ئێستاش هەر داخراون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمدواییەی ڕایگەیاند: بەم زوانە سیستەمی دانی موچەی فەرمانبەران دەبێتە سیستەمێکی ئێلێکترۆنیکی و هەموو موچە دواکەوتەکانی مامۆستایان دەڕژێتە حسێبی بانکییانەوە، بەڵام هەڵگرتنی ئەو دراوە بۆیان گونجاو نابێ.