هێزی پێشمەرگە گەیشتە دە کیلۆمتری مووسڵ
هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەدرێژەی پێشڕەوییەکانی لەنەبەردی ڕزگارکردنی موسڵ، توانی هێڵە بەرگرییەکانی داعش لە خازەر تێک بشکێنێ و بگاتە مەودای دە کیلۆمیتری موسڵ.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، هەڵۆ پێجوینی فەرماندەری هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازەر، لە وتووێژی لەگەڵ ماڵپەڕی شارپرێسدا ڕایگەیاند کە هێزی پێشمەرگە لە درێژەی پێشڕەوییەکانی خۆیدا، هێڵی بەرگریی داعش لەناوچەی خازەر کە لە ئامانجەکانی ئۆپراسیۆنی ڕزگارکرانی موسڵ بوو، تێک بشکێنێ.
ناوبراو وتی کە هێزی پێشمەرگە ئێستا دەستی کردووە بە پاکتاوکردنی ناوچە لە دەس و پێوەندییەکانی داعش.
لەهەمان کاتدا، سەروان ڕەشید عەبدوڕەحمان فەرماندەری لەشکری یەکەمی هێزی زرێپۆشی هەرێمی کوردستان لە خازەر، بە ماڵپەڕی خەندانی وت کە هێزی پێشمەرگە بەڕزگارکردنی ئاواییەکانی ناوچە، ئێستا گەیشتووەتە مەودای دە هەتا ١٣ کیلۆمیتریی موسڵ و گشت ئامانجە لەپێشدا دیاریکراوەکانی لەو هەڵمەتەدا جێ بەجێ کردووە.
پێشتریش کەناڵی ڕووداو لە ڕاپۆرێکدا بەگێڕانەوە لە سەرچاوە سەربازییەکانی بەشدار لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی موسڵ، هەواڵی تێکشکاندن و لەناوبردنی هێڵی بەرگریی داعش لەناوچەی باشیکی ڕاگەیاندبوو.
لەناوبردنی هێڵە بەرگرییەکانی داعش لە باشیک و خازەر لە ئامانجەکانی هێزی پێشمەرگە لە ئۆپراسیۆنی موسڵ ڕاگەیێندرابوو.
ئۆپراسیۆنی ڕزگارکرانی موسڵ لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە١٧ی سیپتەمبەرەوە دەس پێ کرا.