نێچیرڤان بارزانی و نوێنەری UNHCR دۆخی ئاوارەکانیان تاوتوێ کرد
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە نێچیرڤان بازرانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیاری باڵای نوێی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR لە عێراق کۆ بووەوە.
بە پێی ماڵپەری باس نیوز ؛سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە فلیپۆ گراندی، کۆمیسیاری باڵای نوێی کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR و شاندێکی یاوەری کرد.
لەم که دیدارێکدا گراندی لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ لە دەستی تیرۆرستان کرد کە چاوەڕوان دەکرێت بەهۆیەوە ژمارەیەکی زیاتری خەڵکی ئاوارە ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن. سوپاسی حکوومەتی هەرێمیشی کرد کە چەندین شوێنی بۆ پێشوازیکردن لەو ئاوارانە ئامادە کردووە و ئەوانیش لای خۆیانەوە هەوڵ دەدەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر هاوکاریی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بۆ ئەوەی بە هەموو لایەک بتوانن پێداویستییەکانی ئاوارەکان دابین بکەن.
هاوکات سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش هیوای سەرکەوتنی بۆ گراندی خواست لە ئەرکە نوێکەیدا کە هەر لە نەوەدەکانەوە لە هەرێمی کوردستان بووە و شارەزاییەکی باشی دەربارەی هەرێمی کوردستان هەیە و پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ کار و ئەرکەکانی خۆی و UNHCR دەربڕی،
هەروەها باسی لە ڕەوشی ناوەچەکە و دوا پێشوەچوونەکانی ئۆپهراسیۆنى ئازادکرنەوەی مووسڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش کرد و دووپاتی کردەوە کە پێویستە پلانێکی سیاسی و ئابووریی تۆکمە بۆ قۆناغی دوای ئازادکرنەوەی شارەکە بە هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق و هاوپەیمانان دابڕێژرێت بەتایبەتی لە ڕووى ئاسایش و کۆمەڵایەتی و ئاوەدانکردنەوە و مرۆییەوە بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ژیان و ماڵ و ئاسایشیان پارێزراو بێت.