دیلی داعشی: بەفڕۆکەی تورکیا چووینە کەرکوک
ماڵپەڕێکی عەرەبی زمان ئیدیعای کردووە، دیلێکی داعشی لە دانپێدانانەکانی خۆیدا ، دەوری تورکیا لە پەلاماری داعش بۆسەر کەرکوکی لەقاو داوە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، بەگێڕانەوە لە فوڕات نیوز، یەکێک لە ئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامیی ئێراق و شام(داعش) کە لە کەرکوک گیرا، وتوویەتی حکومەتی تورکیا پەلاماری سەر کەرکوکی ڕێکخستووە.
ماڵپەڕی هەواڵیی عەرەبی زمانی بەدر، ئیدیعای کرد، ئەندامێکی گیراوی داعش وتوویەتی؛ "کۆپتەرێکی حکومەتی تورکیا ئێمەی گەیاندە ئاوایی سەرتەپە لە باشووری کەرکوک. ئێمە دواتر لەوێەوە گەیشتینە شاری کەرکوک، ئامانجی ئێمە داگیرکردنی پارێزگاری و دام و دەزگاکانی دیکەی حکومەتی بوو کە بۆ ئەو مەبەستە، هێرشمان کردە سەریان."
دەگوترێ، نیوەشەوی٢١ی ئۆکتۆبر ١٠٠ کەس لە هێزەکانی داعش چوونەنێو شاری کەرکوک و هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی پارێزگاری، پۆلیس، زیندان و ڕێکخراوە حکومەتییەکانی دیکە.