ئاشتی هەورامی: نرخی نەوتیش بەرزبێتەوە قەیرانی دارایی چارەسەر نابێت
ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێکدا ڕایگەیاند نرخی نەوتیش بەرزبێتەوە قەیرانی دارایی هەرێم چارەسەر نابێت و گەڕانەوە بۆ بەغداش بە چارەسەر نازانێت و ڕێژەی قەرزاری حکومەتی هەرێمش ئاشکرا دەکات .
ئاشتی هەورامی، وەزیری سامەنە سرووشتییەکانی هەرێم لە دیداری میری لە هەولێر ڕایگەیاند "کۆتایی مانگی شەشی 2015 سەرکردایەتی کورد بڕیاری فرۆشتنی نەوتی دا بە سەربەخۆیی و لەو کاتەوە تا ئێستا ڕووبەڕووی چەندین کێشە بووینەتەوە لەوانە, هاتنی داعش و دابەزینی نرخی نەوت".
هەروەها وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی : "قەیرانی دارایی هەرێم بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت چارەسەر نابێت و کێشەکان لەوە قوڵترن بە نەوتەوە ببەسترێتەوە".
ئاشتی هەورامی هەروەها دەڵێت "ئێمە بەڵێنمان دابوو لە ساڵی 2016 بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنینە یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا, بەڵام بەهۆی ئەوەی کە داعش هات کۆمپانیا بیانییەکان گەڕانەوە, لە زۆرێک لە گەڕانەکان بۆ دۆزینەوەی نەوت لە دەورەبەری موسڵ وایکرد لە ساڵی 2016 دا نەگەینە ملیۆنێک بەرمیل بۆ ڕؤژێک ".
هەورامی وتیشی "لە شەش مانگدا توشی سێ حاڵەت بوین زیانی پێگەیانددین وەک هاتنی داعش و ئاوارەکان هەروەها نرخی نەوت دابەزی بۆیە پارەمان قەرزکرد بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان و قەرزدار بوین".
ناوبراو لەو دیدارەدا ڕوونیشیکردەوە بەهۆی کێشەکانی ساڵانی ڕابردوو, ئێستا حکومەتی هەرێم زیاتر لە دوو ملیار دۆلار قەرزاری کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتە, رەتیشکردەوە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا ببێتە مایەی چارەسەرکردنی قەیرانە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئاشتی هەورامی ئاماژەی بەوەشکرد "داهاتی نەوتی هەرێم 40 ملیار دۆلار بووە و ئێستا کەس نییە قەرزمان بداتێ بۆیە موچەی فەرمانبەرانمان کەمکردووەتەوە".