پەرەسەندنی ناکۆکیی لە نێوان یەکێتی و گۆڕان
بزووتنەوەی گۆڕان لە میدیاکانەوە بەتوندی وەڵامی مەلا بەختیاری دایەوە .
پاش ئەوەی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باسی لە ڕۆڵی یوسف محەمەد لە پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان کرد، گۆڕان بە توندی وەڵامی دایەوە .
بەهۆی درووستبوونی چەند ئاستەنگێک لەبەردەم ڕێککەوتنەکەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەوڵە سەرنەکەوتووەکەی گۆڕان بۆ ڕازیکردنی یەکێتی بە کشانەوە لە حکوومەت، پەیوەندیی نێوان ئەو دوو حزبە بۆ ئاستێکی خراپ دەچێت. لەم چوارچێوەیەدا رۆژی پێنجشەممە 27\10\2016، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە میانی وتەکەیدا لە (دیداری میری) کە لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، دانی بەوەدا نا کە هەموو حزبەکان داوایان لە یوسف محەمەد کردووە، دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمان ڕێک نەخات، بەڵام ئەو گوێی بە داواکە نەداوە و ئەوە ڕوویداوە کە ڕووی دا.
لە بەرامبەردا، کەمێک لەمەوبەر، میدیاکانی گۆڕان هەواڵێکی بەپەلەیان لە زاری سەرچاوەیەکی تایبەتەوە بڵاو کردەوە و ئاشکرایان کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا گۆڕان وەڵامی مەلا بەختیار دەداتەوە. هاوکات قسەکانی مەلا بەختیاریان بە ”بێ بنەما“ وەسف کرد.