حوزه‌یران 13, 2019 23:06 Asia/Tehran
  • پەیامی نووسراوەی  سکرتێری گشتی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق

ئانتۆنیۆ گۆتێرش سکرتێری گشتی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نامەیەک دا بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاندووە: پێکهێنانی خێرای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتەهۆی پتەوکردنی ئەو بەرەوپێشچونانەی لە دوای سەرکەوتن بەسەر داعشدا لە مەیدانی جەنگ بەدەست هاتوون.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق ، لە نامەکەی ئانتۆنیۆ گۆتێرش، سکرتێری گشتی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان دا  وێڕای دەربڕینی پیرۆزبایی بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق دا ھاتووە: بێگومانم ئەو لێزانی و ئەزمونە زۆرەتان لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی ڕوبەڕوی ھەرێمەکەتان دەبنەوە، بۆ سەرۆکایەتییەکەتان زۆر بەنرخ دەبن.

لەبەشێکی دیکەی نامەکەی سکرتێری گشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی عێراق ، ھەروەھا ھاتووە: پێکهێنانی خێرای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی پتەوکردنی ئەو بەرەوپێشچونانەی لە دوای سەرکەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعشدا لە مەیدانی جەنگ بەدەست هاتوون.

ناوبراو راشیگەیاندووە: دۆخی دوای داعش، هەلێکی مێژویی ڕەخساندووە بۆ دوبارە نوێکردنەوەى دیالۆگ بەمەبەستی چارەسەرکردنی هەمو کێشە هەڵپەسێردراوەکانتان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستور بۆ زیاتر بنیادنان لەسەر ئەو هەوڵە هاوبەشانەی دوای پەسندکردنی یاسای بوجەی فیدراڵیی ساڵی 2019 خراونەتە گەڕ.

سکرتێری گشتی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دوابەشی نامەکەیدا نوسیویەتی: لە داهاتودا نەتەوە یەکگرتوەکان بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەسەر چەندین دۆسیە لە هەرێمی کوردستان بە پێی ئەرکەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاوکاریکردنی عیراق.

جێگای ئاماژەیە ڕۆژی ٢٨ـی ئایار، له‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی کوردستان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌ کابینه‌ی هه‌شته‌م و جێگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌ ٦٨ ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی عێراق هه‌ڵبژێردرا. 

ناوبراو ڕۆژی دووشه‌ممە (١٠ی حوزه‌یرانی ٢٠١٩)، لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵای ھەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتی و بەرپرسانی سیاسی و دیپلۆماسیی عێراق و وڵاتانی بیانی سوێندی یاسایی خوارد و بە فەرمی بوو بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق.

سەرپەیڤ