گوتەبێژی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتیمانی: شێخ جەعفەر خۆی بۆ سەرکردایەتی بەربژێر نەکرد
گوتەبێژی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیاند: جەعفەر شێخ مستەفا لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی خۆی بۆ ئەنجومەنی گشتیی سەرکردایەتیی یەکێتی بەربژێر نەکرد.
مەلا یاسین، گوتەبێژی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاندووە، جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی ئامادە نەبوو لە کۆنگرە بەربژێر بکرێت بۆ ئەندامەتیی ئەنجوومەنی گشتیی سەرکردایەتی، بەهۆی ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی هەیە.
گوتەبێژی کۆنگرەی یەکێتی باسی لەوەش کرد کە، دەسەڵاتی دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بە کۆسرەت رەسوول دراوەو دەتوانێ داوا لە جەعفەر شێخ مستەفا بکات بۆئەوەی ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و دیارنییە ناوبراو ئەو پۆستە وەردەگرێت یان نا.
ئێوارەی رۆژی شەممە 21-12-2019 کارەکانی یەکەم رۆژی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتایی هات. لە کۆنگرەکەدا ئەندامان و سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی هەڵبژێردران.