ئه مڕۆ رۆژێکی یەکلاکەرەوە بۆ کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی
سێیەم رۆژی کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی ئیراق ئەمڕۆ دووشەممە سەعات نۆی بەیانی بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی دەست پێدەکات، ئەوەش دەبێتە رۆژێکی یەکلاکەرەوە بۆ کۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبە.
رۆژی دووەمی کۆنگرەی "نوێبوونەوە"ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە پەسەند کراوەو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گشتیش خرایە ئەمڕۆ.
ھەروەھا کۆنگرەی یەکێتی مەرجەکانی کاندیدبوونی بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی گشتی پەسەند کرد، کە نزیکەی 500 کەس خۆیان کاندید کردبووە بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیو بەشێکیشیان پاشەکشەیان کردووە.
بەپێی پێکھاتەی نوێی رێکخراوەیی یەکێتی، ئەنجوومەنێکی گشتی، کە لە ١٢١ کەس پێکھاتووە، ئەرکی رابەرایەتی یەکێتی دەگرێتە ئەستۆ و لە یەکەم رۆژی کۆنگرەدا سێ کەسیان ھەڵبژێردران.
بەرھەم ساڵح، قوباد تاڵەبانی و رێواز فایق ھەڵبژێردراوانی یەکەمی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی بوون، کە متمانەی کۆنگرەیان بەدەست ھێنا.١٢١ کەسەکە نوێنەری سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و دەرەوەی وڵاتیش دەگرێتەوە.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی لە ٣٢ ئەندامی بازنەی سلێمانی، ٩ی راپەڕین، ٥ی دیالە، ٢٤ی ھەولێر (کە ٤یان کۆیە و ٥یان سۆرانە)، ھەروەھا ٢٩ ئەندامی کەرکوک، ١٠ی نەینەوا و ١ ئەندامی بەغدا و ٤ نوێنەری دەرەوەی عێراق دیاری دەکرێت.