ڕەخنەگیران لە ڕوون نەبوونی کاروباری ئابووریی دەوڵەتی ھەرێمی کوردستان
نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، دەوڵەتی ھەرێمی کوردستانی بە ڕوون نەکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکانی بە تایبەت خەرج کردنی موچەی کارمەندان تۆمەتبار کرد و وتی: ڕوون نییە حکومەتی ھەرێمی کوردستان داھاتەکانی نێوخۆو نەوت و بوجەیەک کە لە دەوڵەتی ناوەندیی وەردەگرێت، چۆن و لەکوێ خەرج دەکات.
غالیب موحەممەد نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق وێڕای بڵاو کردنەوەی بابەتێک لە فەیسبووک دا، کرداری حکومەتی ھەرێمی کوردستانی لە ڕووی کاروباری ئابووری و بە تایبەت خەرج نەکردنی موچەی کارمەندان و موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دایە بەر ڕەخنەو ڕایگەیاند: لە ماوەی ٢٣ ڕۆژی ڕابردوودا دەوڵەتی عێراق بوجەی دوومانگی کارمەندانی ھەرێمی کە ٩٠٨ ملیارد دینارە ڕەوانەی ھەرێم کردووە، کەچی حکومەتی ھەرێم بەس موچەی مانگێکی کارمەندانی چوار وەزارەتخانەی داوەو موچەی کارمەندانی دیکە وەدوا کەوتووەو ھێشتا خەرج نەکراوە.
ئەم نوێنەرەی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق جیا لە ڕەوانەکردنی موچەی کارمەندان، سێ ملیاردیشی بۆ یارمەتی دانی بەرنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داوەتە حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
ئەم ڕەخنەگەلە لە لایەن نوێنەرێکی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دارایی ھەرێم لە دەستی وەزیرێکی سەربە گۆڕاندایە.