یەکێتی:رێگا نادەین بارودۆخەکە بەرەو تەسعید و ئاڵۆزکردن و بشێویی ببرێت
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ئێراق رایدەگەیەنێت، داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات وەک فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ھەروەھا لەسەر داوای رەوای خەڵکی دەوروبەری زینی وەرتێ و بۆ رەواندنەوەی گرژی و دڵەڕاوکێی هاوڵاتیان، بەپەلە فەرمانی کشاندنەوەی گشت هێزەکان بدات و ئاسایشی ناوچەکە بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بسپێرێت.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ئێراق پاش کۆبونەوەی دەباشان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لەکاتێکدا هاوڵاتیان و هەرێمەکەمان و جیهان گیرۆدەی چۆنێتی بەگژاچونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، ترس و دڵەڕاوکێ لەئاکامە تەندروستی و ئابوری کۆمەڵایەتییەکانی لەم بارودۆخە سەختەی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان هەمومانی سەرقاڵ کردوە، لەو پێناوەدا یەکێتیی هەمو ئۆرگانەکان و توانای خۆی بۆ هەماهەنگی و هاوکاری یەکە ئیدارییەکان و حکومەتی هەرێم تەرخان کردوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئا لەم ئانوساتەدا، لەجیاتی هێورکرنەوەی هاوڵاتیان لەروی دەروونیی و دابین کردنی گوزەرانیان، بەداخەوە دەبینین ئاڕاستەیەک لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەرامی جیاجیا و بەرنامە بۆ داڕێژراو هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر یەکێتیی و سەرکردایەتییە نوێکەی کە چەندین جاریشە دوبارە دەبێتەوە".
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی باسی لەوەشکردوە، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سۆنگەی هەست کردن بە لێپرسراوێتی و هەستیاری بارودۆخەکە تائێستا دانی بەخۆیدا گرتوە هەر بۆیەش داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات وەک فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ھەروەھا لەسەر داوای ڕەوای خەڵکی دەوروبەری زینی وەرتێ و بۆ رەواندنەوەی گرژی و دڵەڕاوکێی هاوڵاتیان، بەپەلە فەرمانی کشاندنەوەی گشت هێزەکان بدات و ئاسایشی ناوچەکە بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بسپێرێت".