پەلاماری ئاسمانیی تورکیا بۆسەر پارێزگای دەهۆک
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i379781-پەلاماری_ئاسمانیی_تورکیا_بۆسەر_پارێزگای_دەهۆک
فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوپای تورکیا لە درێژەی پێشێلکردنی سنوری ئاسمانیی عێراق، ناوچەی چمکانێ لە پارێزگای دهۆکیان بۆردومان کرد.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
نیسان 18, 2020 13:14 Asia/Tehran
  • پەلاماری ئاسمانیی تورکیا بۆسەر پارێزگای دەهۆک

فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوپای تورکیا لە درێژەی پێشێلکردنی سنوری ئاسمانیی عێراق، ناوچەی چمکانێ لە پارێزگای دهۆکیان بۆردومان کرد.

رۆژی هەینی فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوپای تورکیا جارێکی دیکە ناوچە ئاوەدانەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ چەندەمین جار لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، بۆردومان کرد و ناوچەی چمکانی سەربە ئامێدی لە پارێزگای دهۆک بەقورسی بۆردومان کراوە.

لەو پەلامارەدا گردووپەڕی گوندەکانی شفکتی وبەرزاییەکانی شارۆچکەی چمکانی کراونەتە ئامانج.

رۆژانی ڕابردووش تورکیا ناوچە جیاجیاکانی هەرێم لەوان زینی وەرتێ سەر بە پارێزگای هەولێر و کەمپی پەناخوازانی مەخموری بۆردومان کرد کە بەهۆیەوە لانیکەم شەش کەس کوژران و چواریش بریندار بوون.

کەمپی مەخمور پتر لە بیست وشەش ساڵە کە دوانزە هەزار کەس لە کوردانی تورکیای حەواندۆتەوە کە دوابەدوای زەخت وگوشارەکانی حکومەتی تورکیا و وێرانکرانی گوند وئاواییەکانیان، لەو وڵاتە هاتوونەدەر و وەک پەناخواز لەو کەمپەدا نیشتەجێکراون.

لەهەمان کاتدا، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا داوای لە حکومەتی ئەو وڵاتە کرد، لەدژ تورکیا سکاڵا بباتە ئەنجومەنی ئاسایش.

"کاتع ئەلرکابی" ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرەڤانیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەدیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلمەعلومەدا بەئاماژە بەوەی کە پێشێلکرانی سنوری ئاسمانیی عێراق لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاو بۆردومانی کەمپێکی ئاوارەکان لەباکوری عێراق شەرمەزار دەکەین ، خوازیاری سکاڵای فەرمیی لای ئەنجومەنی ئاسایش لەدژ تورکیا لەوبارەوە بوو.