داوا له کازمیی دەکرێ شایستە داراییەکانی ھەرێم بخاتە سەرووی کارەکانیەوە
د.بەشیر حەداد داوا لە مستەفا کازمی دەکات شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پارەی گەنمی جووتیاران بخاتە نێو کاری لەپێشینەی کابینەکەی.
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دەکات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان یەکێک بێت لە کاری لەپێشینەی کابینەکەی و کار بۆ جێبەجی کردنی ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردستان بکات.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق لە کاتی پیرۆزبایی کردن لە مستەفا کازمی بەبۆنەی متمانە پێدان بە کابینەکەی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، داوای لێ کرد هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بدات، کاریش بکات بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی بنێرێت و پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکرێت.
لەلایەن خۆشیەوە مستەفا کازمی وێرای سوپاس و پێزانینی لە پشتیوانی کردن و متمانە پێدانی کابینەکەی، بەڵێنی دا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور بدات و لەکاتی خۆیشیدا شایستە داراییەکانی هەرێمی بنێرێت و کاریش دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.