لە سبەینێوە دەوام لە سەرجەم فەرمانگەکانی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە
بڕیارە سبەی دووشەممە ١١ی ئایار دەوامی سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان بکرێتەوە و پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت" لە هەفتەکەدا لە رۆژی یەکشەممەوە تا چوارشەممە دەوامی فەرمی دەبێت".
بە پێی ھەواڵی مێدیاکانی ھەرێم ،ئەمڕۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا د. هەڤاڵ ئەبو بەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند" لە سبەینێەوە دەوام لە سەرجەم فەرمانگەکانی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە .بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان و سەرجەم مزگەوتەکانیش دەرمانڕێژکراون و لە سبەینێوە بە فەرمی دەکرێنەوە و بەپێی ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی پێویستن بۆ بەڕێکردنی کاری رۆژانەی هاوڵاتییان لە کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی بۆ ١:٠٠ی پاشنیوەڕۆ".
ئاماژەی بەوەشکرد" لە هەفتەکەدا لە رۆژی یەکشەممەوە تا چوارشەممە دەوامی فەرمی دەبێت، هەروەها بۆ زیادکردنی دەوامیش دەسەڵاتمان داوەتە بەڕێوبەری فەرمانگەکان بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان".
ئەوە لەکاتێکدایە ئـەمڕۆ قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و بڕیارە وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری نوێ لەسەر هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ دەربکات.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ش رایگەیاند کە لە سبەی دوو شەممەوە دەوامی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ ئاسایی دەبێتەوەو هاوڵاتیانیش دەتوانن مامەڵەکانیان ئەنجام بدەن.