رۆژی پێنجشەممە وەک دەسپێکی خۆپێشاندانی سەرتاسەریی لە ھەرێم راگێندرا
ئەنجومەنی سەربەخۆی مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند، کاسبکاران، فەرمانبەران، مامۆستایان و سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان ئاگادار دەکەنەوە کەڕۆژی پێنجشەممە (25 /6) خۆپیشاندانی سەرتاسەری لەشاری سلێمانییەوە دەستپێدەکات دژی حکومەتی هەرێم کە سیاسەتی "برسیکردن و چەوساندنەوەی" هاوڵاتیان پەیڕەو دەکات.
بە پێی ھەواڵێکی میدیای وێستگە نیوز ، ئەنجوومەنی سەربەخۆی مامۆستایانی ناڕازی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە ، بەهۆی نائامادەیی و نەبوونی دامەزراوەی حکومی، هۆشداری توند دەدەنە حیزبە بەشدار و خاوەن دەسەڵاتەکانی هەرێم کەئەمجارە ناڕەزایەتییەکان بەرۆکی حیزبەکانیان دەگرێتەوە.
ئەوەش هاتوە: هەروەها حیزبە سیاسیەکانی دەرەوەی دەسەڵات کە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن و بەرەی خەڵک دەزانن، "دەخەینە ژێر بەرپرسیاریەتیەکی ئەخلاقی و نیشتمانییەوە کە چیتر ئەو زوڵم و ستەمەی دەسەڵات لە هاوڵاتیان و موچەخۆران و لایەنگرانی حیزبەکانیان دەیکات قبوڵ نەکەن".
ئەنجومەنەکە ئەوەشی خستوەتەڕو، داوا لەسەرجەم توێژەکان و سەندیکاو ڕێکخراوەکان و هێزەکانی ناوخۆو تەندروستکاران دەکەن کەپشتیوان و بەشدار بن لەم خەباتە مەدەنیەدا.