شاندەکەی ھەرێم ڕوو لە بەغدا دەکاتەوە
شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، بەئامانجی تەواوکردنی وتوێژەکانی پێشووی تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان بەرەو بەغدا بەڕێکەوتن.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی شارپرێس، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ ٢٣ حوزەیرانی ٢٠٢٠ بۆ جاری سێیەم و بەمەبەستی تەواوکردنی گفتوگۆکانی کۆتایی نیسان و سەرەتای ئایاری رابردوو لەبارەی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردووک لا، بەرەو بەغدا بەرێککەوتن.
ئەندامانی شاندەکەی ھەرێم پێکهاتوون لە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، خالید شوانی وەزیری کاروباری ناوچە کێشە لە سەرەکان، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا، دارا رەشید وەزیری پلاندانان، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، لەگەڵ تیمێکی هونەری گەورەتر، کە نوێنەرایەتی وەزارەتە جۆربەجۆرەکان دەکەن.
بڕیارە لەم گەڕەی سێیەمی دانوستانەکاندا پرسە ھەڵپەسێردراوەکان بەتایبەت دۆسیەکانی نەوت وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان،لەسەر ئەوئەنجام و بنەمایانەی کە لە دانوستانەکانی رابردوودا لەنێوان شاندی هەرێم و لیژنەی باڵای حکومەتی عێراق گەڵاڵەکراون، تاوتوێ بکرێن.