هەپەگە: سوپای تورکیا لە حەفتانین زیانی گەورەی بەرکەوتووە
هێزەکانی پاراستنی گەل «هەپەگە» ڕایگەیاندووە: چەکدارەکانیان وەڵامی ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچەی «حەفتانین» لە سنووری قەزای زاخۆی پارێزگای دهۆکیان داوەتەوەو و زیانی قورسیان پێ گەیاندوون.
هەپەگە باسی ئەوەی کردووە کە، تاوەکو ئێستا چەکدارانیان لە شوێنە جیاجیاکان ٣٧ چالاکییان دژی سوپای تورکیا ئەنجام داوە و بەو هۆیەوە ٣١سەربازی تورکیا و سێ چەکداری خۆشیان کوژراوە.
لە راگەیێندراوەکەی هەپەگەدا هەروەها هاتووە، سوپای تورکیا هەموو کاژێرێک بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومان دەکات و لە هەمانکاتیشدا تۆپباران دەکات، بەڵام ناتوانێت لەسەر زەوی و لە ناوچەی حەفتانین پێشڕەوی زەمینیی ھەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگریی تورکیاش باسی ئەوە دەکات کە، ئۆپەراسیۆنەکەیان سەرکەوتوو بووەو بەردەوامیشی دەکەن و تەنیا رۆژی ٢٥ی مانگ و لە ئەنجامی بۆردوومانێکدا ٥ چەکداری نەیاریان لە سنووری حەفتانین کوشتووە.
رۆژی ١٥ی ئەم مانگە وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە باکووری عێراق راگەیاند و دواتریش ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بەناوی «چڕنووکی پڵنگ» لە ناوچەی حەفتانین دەست پێ کرا.
ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی خەڵکی هەندێک گوندی ناوچەکە و هەینی رابردووش لە ئەنجامی بۆردوومانێکدا لە سنووری شیلادزێ چەند شارومەندێکی ھەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستدا.