دەرباز محەمەد: ئەم نەهامەتیەی ئێستا پارتە دەستەڵاتدارەکانی ھەرێم لێی بەرپرسیارن
ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندووه: ئەوەی بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی حکومەتی دەکەوێتە ئەستۆ، یەکێتی و پارتیە، بزوتنەوەی گۆڕان دوو جار بەشداریی حکومەتی کردووە و بە قەبارەی بەشداری کردنەکەشی بەرپرسیارە، ئێستاش لە هەوڵەکانی بۆ باشکردنی دۆخەکە بەردەوامە و پێداگرە لەو چاکسازیە گشتگیرەی کە بووەتە بنەما بۆ رێککەوتنەکانی.
«دەرباز محەمەد» ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند: ئەوان وەک بزوتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ یەکێتی و پارتی بەردەوام جەختیان لەسەر دوو خاڵ کردووەتەوە و پێیان وتوون، ئەم نەهامەتیەی ئێستا هەیە ئێوە لێی بەرپرسیارن و ئەوە گۆڕان نییە کە لە رابردودا حوکمی کردبێت.
ناوبراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە:لە ئێستادا قورسایی گەورە لە پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵات، لای یەکێتی و پارتییە.
دەرباز محەمەد ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە: لەگەڵ یەکێتی رێککەوتنی بەڕێوەبردنی حکومەتی خۆجێییمان هەیە و لە گفتوگۆدابووین بۆ ئەوەی کارەکان باشتر بەرەو پێش بچن، بەڵام بەداخەوە زیاتر لە مانگێکە بەرپرسانی یەکێتی لەو بابەتە بێدەنگ بوون.