تورکیا لە زاخۆ بە کۆپتەر هێزی سەربازیی دابەزاند
سوپای تورکیا بە هێلیکۆپتەر هێزی سەربازیی بردووەتە چیای خامتیر لە سنووری شارۆچکەی زاخۆ، کە کەمتر لە پێنج کیلۆمەتر لە خاڵێکی پاسەوانی سنوورەوە دوورە.
بە پێی هەواڵێکی مێدیای خەڵک ، بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزەکان لە کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆی دوێنێ هەینی بۆ چیاکە گواستراونەتەوە و ئەو شوێنەی سەربازانی تورکیا تێیدا دابەزیون پێنج کیلۆمەتر لە گوندی شەرانش-ی شارەدێی دەرکاری زاخۆوە دوورە، کە خاڵێکی پاسەوانیی سنووری تێدایە.
زێرەڤان مووسا، بەڕێوەبەری شارەدێی دەرکار بە (ڕووداو)ی ڕاگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی هەینی 26/6/2020، سوپای تورکیا بە هێلیکۆپتەر هێزی سەربازیی لە چیای خامتیر دابەزاندووە، کە نزیکە لە خاڵێکی پاسەوانی سنووری عیراق لە گوندی شەرانش و بە گوتەی ناوبراو : “ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی بۆ دانیشتووانی سنوورەکە دروستکردووە”.
بەڕێوەبەری شارەدێی دەرکار ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی جێگیربوونی هێزی سەربازیی تورکیا لە چیای خامتیر و تۆپباران و بۆردوومانی بەردەوامیش لە ناوچەکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، “دڵەڕاوکێی لەناو خەڵکی 30 گوندی ناوچەکە دروستکردووە کە 13 هەزار کەس تێیدا دەژین، هەروەها 27 هەزار پەنابەر کە لە سێ کەمپی جیاجیا لەو سنوورەدا نیشتەجێن”.
هاوکات دڵشێر عەبدولستار، بەڕێوەبەری شارەدێی باتیفای سەر بە شارۆچکەی زاخۆ، ڕایگەیاند، بەھۆی بۆردوومانی بەردەوامەوە، زیانی ماددی بە 12 گوندی شارەدێی باتیفا گەیشتووە و گوندێک بەتەواوی چوڵکراوە و سێ گوندی تریش مەترسیی چوڵکردنیان لەسەرە “بەھۆی بۆردوومانەکانەوە ترس بۆ نزیکەی 10 ھەزار کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە دروستبووە”.
جێی ئاماژەیە، ڕۆژی 15ی ئەم مانگە وەزارەتی بەرگری تورکیا دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و ڕۆژی 10/6/2020 بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا لە سنووری شیلادزێ و کانی ماسێ، پێنج کەسی مەدەنی گیانیان لە دەستدا .
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە 25/6/2020 هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر سەیرانگەی کونەماسی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، کوژراوێک و برینداربوونی 6 هاووڵاتی لێکەوتەوە.