داوای یەکیەتی نیشتمانیی بۆ بچوککردنەوەی حکومەتی ھەرێم
یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوا دەکات بۆ کەمکردنەوەی زیاتری خەرجییەکان، پێکهاتەی ئێستای حکومەتی هەرێم بچووک بکرێتەوە.
ئەمڕۆ سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێی دۆخی سیاسی کوردستان و رێککەوتنی هەرێم و بەغدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار لەسەرکردایەتی یەکێتی بە وێستگە نیوزی راگەیاند، لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بچووککردنەوەی پێکهاتەی حکومەتی هەرێم دەکەن، چونکە ئێستا هەندێک وەزارەت و دەستە هەیە زیادەیە و خەرجییەکی زۆریشیان هەیە، بۆیە ئەگەر ئەم پێکهاتەیە بچووکتر بکرێتەوە هەم خەرجی کەم دەبێتەوە و هەمیش دەتوانرێت باشتر ئیشەکان بەڕێوە بچن.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، دوای پەسەندکردنی ئەو پێشنیارە لەلایەن سەرکردایەتییەوە، دواتر پڕۆژەکە پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، لەمانگی تەموزی ساڵی رابردوو لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە متمانەی پێدراوە و لە 18 وەزارەت و سێ وەزیری هەرێم و ژمارەیەک دەستە پێکهاتووە، یەکێتی لەم کابینەیەدا جگە لەپۆستی جێگری سەرۆک وەزیران، وەزارەتەکانی (پێشمەرگە، خوێندنی باڵا، کشتوکاڵ، رۆشنبیری، پلاندانان)ی بەدەستەوەیە، لەگەڵ وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا، جگە لەسەرۆکی چەند دەستەیەک.