نێچیرڤان بارزانی: رۆڵی فەرەنسا و «مەکرۆن» لە پشتگیریی هەرێمی کوردستان لەبیرناکرێت
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەش دا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند:رۆڵی فەرەنسا و سەرۆک کۆمار «مەکرۆن» لە پشتگیریی هەرێمی کوردستان لەبیرناکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ «ژان ئیڤ لۆدریان» وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەش دا لەگەڵ ناوبراو وێڕای ئاماژە کردن بۆ سەردانی دووبارەی ئەم کاربەدەستە فەرنسیە بۆ ھەرێمی کوردستان، سەردانەکەی ئەمجارەی لە وەھا ھەل و مەرجێکی نتسک و ھەستیاردا ا بەگرنگ نرخاندو وەک نیشانەی بەردەوامیی پشتگیریی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان لێکی دایەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەناوی جەماوەری ھەرێمەوە سوپاسی فەرەنسای کردو پێی داگرت، پاریس هەمیشە لە تەنگانەدا پشتگیریی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە رووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧ لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، دوای ئابڵۆقەی ساڵی ٢٠١٧لەسەر هەرێمی کوردستان، فەرەنسا رۆڵی سەرەکی بینی لە شکاندنی گەمارۆکە و هاوکار بوو لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆکی فەرەنسا کرد لە تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی بەسەر هەرێمی کوردستان هاتبوو و وتی، بەڕێز«مەکرۆن» رۆڵێکی زۆر بەرچاوی گێڕا کە هەرگیز لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە لەبیر ناکرێت و مایەی رێز و پێزانینی بەردەوامە.
نێچیرڤان بارزانی باسی لە شەڕی داعش و رۆڵی فەرەنسا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەو شەڕەش دا کرد و وتی: لە شەڕی داعش فەرەنسا وەک ئەندامێکی گرنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هاوبەشێکی سەرەکیی هەرێمی کوردستان و عێراق، رۆڵیکی بەرچاوی هەبوو.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆڤی بە ئاوارە و پەنابەرانیش کرد لەلایەن فەرەنساوە بەتایبەتی بۆ کوردانی ئێزدی و کریستیانەکان چ لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان یان بە نیشتەجێکردنیان لە فەرەنسا و وتیشی، فەرەنسا گرنگییەکی زۆر بە سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق دەدات.
بارزانی سەبارەت بە سەردانەکانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستانیش،«ژان ئیڤ لۆدریان»ی وەک دۆستێکی ھەرێمی کوردستان ناوبرد کە رۆڵێکی بەرچاوی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ فەرەنسا گێڕاوە، هەم لەکاتێکدا کە وەزیری بەرگریی بووە و سەردانی بەرەکانی شەڕی دژی داعشی کردووە و هەم ئەو کاتانەی کە وەک وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی فەرەنساش وێڕای وەبیر ھێنانەوەی گەشتەکانی پێشووی بۆ عێراق و بە تایبەتی ھەرێمی کوردستان پێی داگرت: ئەمە ھەشتەمین گەشتی منە بۆ ھەرێمی کوردستان و یەکەم گەشتمە بۆ ڕۆژھەڵاتی ناڤین لە پاش سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە، لە ئێستادا عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ھەل و مەرجێکی تایبەتی دان و لەم ڕووەوە بەو ئەنجامە گەییشتین کە بۆ ئاگادار بوون لە ڕەوشتەکە سەردانی ئێرە بکەین و پاریس لە ئاراستەی بەرنگار بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یارمەتیی ھەرێمی کوردستان دەدات.
«ژان ئیڤ لۆدریان» پێشی داگرت: ئێوە لە خاکی خۆتاندا بۆ بەرنگار بوونەوەی تاقمی تیرۆریستی داعش خۆبەختکاریی زۆرتان نواند و ھەربۆیە پاریس لێبڕاوە ھەتا لەم ئاراستەیەدا داکۆکیتان لێ بکات و لە ئێستاش دا پێویستتان بە یارمەتییە چونکو زۆرێک لە پەنابەرانتان وەرگرتووە.
جێگای ئاماژەیە «ژان ئیف لۆدریان» وەزیری دەرەوەی فەرەنسا نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە گەیشتە بەغداو پاش کۆبوونەوەکانی لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، بەغدای بەرەو ھەرێمی کوردستان بەجێ ھێڵا.