فەرەنسا بۆ داکۆکیی ئابووری لە ھەرێمی کوردستان ئامادەبوونی خۆی ڕاگەیاند
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i383929-فەرەنسا_بۆ_داکۆکیی_ئابووری_لە_ھەرێمی_کوردستان_ئامادەبوونی_خۆی_ڕاگەیاند
«ژان ئێڤ لۆدریان» وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئێوارەی ڕۆژی ھەینی لە دیدار لەگەڵ «مەسرور بارزانی» سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پاریس ئامادەی یارمەتی دان و پشتگری کردنی ئابووری لە ھەرێمی کوردستانە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ته‌مووز 17, 2020 13:52 Asia/Tehran
  • فەرەنسا بۆ داکۆکیی ئابووری لە ھەرێمی کوردستان ئامادەبوونی خۆی ڕاگەیاند

«ژان ئێڤ لۆدریان» وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئێوارەی ڕۆژی ھەینی لە دیدار لەگەڵ «مەسرور بارزانی» سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پاریس ئامادەی یارمەتی دان و پشتگری کردنی ئابووری لە ھەرێمی کوردستانە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، نیوه‌ڕۆى ڕۆژی هه‌ینى ١٧ى ته‌مووز، له‌ «پیرمام»، «مه‌سروور بارزانى» سه‌رۆک وه‌زیرانى ھەرێمی کوردستان پێشوازىی له‌ «ژان ئێڤ لۆدریان» وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فەره‌نسا و شاندەکەى یاوه‌رى کرد.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ردووک لا بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پێوەندییە مێژوییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسایان تاوتوێ کرد.

«ژان ئێڤ لۆدریان» لە دیدارەکەی لەگەڵ «مەسرور بارزانی» پێی داگرت: گەشتەکەی بۆ ھەرێم لە ئاراستەی نوێکردنەوەی بەڵێنی فەرەنسا بۆ ھەرێمی کوردستانە لەمەڕ یارمەتی دانی بە تایبەت لەم دۆخە دژوارەی ئێستادا.

«لۆدریان» وتیشی: فەرەنسا ئامادەی پاڵپشتی کردنی ھەرێمەو، لەمڕۆەوە پسپۆڕانی فەرەنسی ئامادەن بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێم لە بواری کشتوکاڵی و تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ھەروەھا بەناوی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی «ئێمانۆئێل مەکرۆن»ەوە بانگهێشتی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ سەردانی فەرەنسا لە دەرفەتێکی گونجاودا. 

ھەر لە دانیشتنەکەدا کە «قوباد تاڵەبانی» جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش تیای دا بەشدار بوو سوپاسی ڕۆڵی مێژوویی فەرەنسا کرا لە پشتگیریکردنی جەماوەری کوردستان و دەرەنجامی گفتوگۆکان لەگەڵ دەوڵەتی بەغدا و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان ڕوون کرایەوە. 

«مه‌سروور بارزانى» سه‌رۆک وه‌زیرانى ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی فەرەنسا دەتوانێت ڕۆڵی ئەرێنی خۆی لە لێک نزیکردنەوەی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور. «مەسرور بارزانی» جەختی لەوەش کردەوە کە، ئێمە داوای هیچ شتێکمان نەکردووە کە بە پێچەوانەی دەستووری عێراق بێت و هەر شتێکیش ڕەت دەکەینەوە کە کەمتر بێت لە مافە دەستوورییەکانمان.

جێگای ئاماژەیە «ژان ئیڤ لۆدریان» وەزیری دەرەوەی فەرەنسا نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە گەیشتە بەغداو پاش کۆبوونەوەکانی لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، بەغدای بەرەو ھەرێمی کوردستان بەجێ ھێڵا.