پارتی سۆسیالیستی کوردستان: پهکهکه دەبێ رێز لە قهوارهی دهستوریی هەرێمی کوردستان بگرێت
پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە ھەڵوێستێکدا بەرامبەر بە ھێرشەکەی ئەم دواییەی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا بۆ سەر ھێزی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، رایگهیاندووە: پێویستە پهکهکه رێز لە قهوارهی دهستوریی هەرێمی کوردستان و حکومەت و دامەزراوە شەرعییەکانی بگرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە، ڕۆژی پێنجشهممه ٥ی تشرینی دووهمی ٢٠٢٠، پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئیدانهی پێکدادانهکهی نێوان هێزی پێشمهرگه و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پهکهکه) ی کرد و جەختی کرد: لە کاتێکدا کە خەڵکی کوردستان بە شێوازێکی ئاسایی خەریکی بەڕێوەبردنی ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەی خۆیانن و سەرباری بوونی چەندین قەیران و کێشەو گرفت کە ڕوبەڕوی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، کەچی «پەکەکە» لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا و لە ناحیەی «چەمانکێ» له سنوری پارێزگای دهۆک ھێرشێک ئەنجام دەدات کە دەبێتە ھۆی کوژران و بریندار بوونی کۆمەڵێک لە ئەندامانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە دیارە ئەمەش پێشهاتێکی مهترسیداره بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بارگرژی و ئاڵۆزی زیاتر بۆ ئەم ناوچەیە دروست دەکات و خەڵکی سڤیل دەبێت باجەکەی بدات.
پارتی سۆسیالیست لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەش دهکاتهوه کە، پێویستە پهکهکه رێز لە قهوارهی دهستوریی هەرێمی کوردستان و حکومەت و دامەزراوە شەرعییەکانی بگرێت و چیدی ھەڵەی لەو جۆرە نەکات، چونکو پێشتر شەڕ تاقی کراوەتەوەو جگە لە ماڵوێرانی هیچ قازانجێکی بۆ ھیچ لایەنێک نەبووە.
له راگهیهندراوهکهدا داواش لە لایەنەکان کراوە کە لە ڕێگای گفتوگۆوە کێشەکانیان چارەسەربکەن و تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان و بارودۆخەکە لە بەرچاو بگرن.