نیسان 22, 2021 05:39 Asia/Tehran
  • وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان: بە قاچاخ بردنی پێکوتەی کۆرۆنا بۆ ئێران دوورە لە ڕاستییەوە

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان قاچاخ کرانی پێکوتەی کۆرۆنا لە ھەرێمەوە بۆ ئێرانی بە درۆ خستەوەو بە دەنگویەکی ناڕاستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی زانی.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ھەواڵدەریی ئیرنا لە بەغداوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی پێکوتەی «فایزەر»یان بڵاو کردووەتەوەو بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە گوایە لە ھەرێمی کوردستانەوە بە قاچاخ ڕەوانەی ئێران کراوە. لەم پەیوەندییەدا وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی جەختی لەوە کردووەتەوە کە،ئەو بابەتە دوورە لە ڕاستییەوە و عێراق دیارنەمانی ڤەکسین قبوڵ ناکات.

دکتۆر «ڕەهێڵ فەرەیدون»، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: بەقاچاخبردنی پێکەوتەو ڤەکسین لە هەرێمەوە بۆ ئێران، دوورە لە ڕاستییەوە، ئەو ژمارە ڤاکسینەی بۆمان دێت، لە بەغداوە بە ژمارە دێت و بە ژمارە و ناوەوە دەڕواتەوە بۆ بەغدا.

ئەم بەرپرسەی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو، ڤەکسین ون نابێت، ئەگەر ونیش بێت، بەغدا لێمان قبوڵ ناکات.

لە ڕوانگەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستانەوە ھەروەھا ئەو گرتەیەی کە ناوی کەناڵی «بی بی سی» و وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستانی تیادا براوەو ساختە کراوە، ڕەت کراوەیەو جێگای قەبووڵ نییە.

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاندووە، ھەر کە ئەو گرتەیە بڵاو بووەوە تاقمەکانی لێکۆڵینەوەو چاودێری لە وەزارەتی تەندروستی دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوەو بە ھاریکاریی وەزارەتی تەندروستیی دەوڵەتی فیدراڵ لە بەغدا ئەوەیان ئاشکرا کرد کە ئەو دەنگۆیانە ھیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە.

سەرپەیڤ