ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە: هیچ هێزێکی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان نەکشاوەتەوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i399533-ئەمینداری_گشتیی_وەزارەتی_پێشمەرگە_هیچ_هێزێکی_ئەمریکا_لە_هەرێمی_کوردستان_نەکشاوەتەوە
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند ئەمریکا هیچ هێزێکی شەڕکەری لە هەرێمی کوردستان نییە، ئەوانەی لێرەن راوێژکار و مەشقکارن و نەمبیستووە هێزی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کشابنەوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئاب 09, 2021 08:44 Asia/Tehran
  • ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە: هیچ هێزێکی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان نەکشاوەتەوە

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند ئەمریکا هیچ هێزێکی شەڕکەری لە هەرێمی کوردستان نییە، ئەوانەی لێرەن راوێژکار و مەشقکارن و نەمبیستووە هێزی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کشابنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: نەمانبیستووە لەچەند رۆژی رابردوودا هیچ هێزێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کشابێتەوە، رەنگە ئاڵوگۆڕ بەهێزەکانیان بکەن و ئەوەش ئاگادار نین، چوونکە بۆ ئەو مەسەلەی ئاڵوگوڕکردنەکە پرس بە ئێمە ناکەن.

فەریق جەبار یاوەر گوتیشی: "بەپێی رێککەوتنی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ئەمساڵ دەکشێنەوە، بۆیە نەمانزانیوە هیچ هیزێکی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کشابێتەوە، هەر لەبنەڕەتدا ئەمریکییەکان هێزی شەڕکەریان لە هەرێمی کوردستان نییە و ئەوەی هەن راوێژکارن".

ئەو قسانەی ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر، هات.

بەپێی راگەیێنراوی کۆتایی گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق کە  لە مانگی تەمموزی 2021 لە واشنتن بەڕێوەچوو، لە کۆتایی ئەمساڵ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە.