سەرۆکی پەرلەمانی ئەردەن سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و ژمارەیەک دیداری لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم ئەنجامدەدات.
سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە میدیای خەندان-ی راگەیاند، سبەی یەکشەممە عەبدولمونعم عودات، سەرۆکی پەرلەمانی شانشینی ئوردن لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر دەگاتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە پێشوازی لێدەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن دەچێتە پەرلەمانی کوردستان و لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەی پەیوەندییەکان کۆدەبێتەوە.
لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن بۆ هەرێمی کوردستان، سامان ئەحمەد وتی، "دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێزە لە نێوان هەردو پەرلەمانی هەرێم و ئوردن، یەکەمین سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتانە کە لەم خولەی پەرلەماندا سەردانی هەرێم دەکات".
هاوکات بەپێی زانیاریەکانی خەندان، سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن جگە لە کۆبوەوەی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.