ئه‌یلوول 05, 2021 18:06 Asia/Tehran
  • بافڵ تاڵه‌بانی: پێم باشه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان رێککه‌وتنێکی نوێی ستراتیجی بکه‌ین

سه‌رۆکی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان رایگه‌یاند پێم باشه‌ رێککه‌وتنێکی نوێی ستراتیجی له‌گه‌ڵ گۆڕان بکه‌ین.

بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆکی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی هاوپه‌یمانێتی هه‌ڵبژاردنی گۆڕان و یه‌کێتی وتی "هاوپه‌یمانیه‌تیه‌که‌مان ئینشاڵا ده‌بێته‌ چه‌ترێک بۆ هه‌موو لایه‌نه‌کان و ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌شمان حه‌زناکه‌م ته‌نها بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بێت".

ناوبراو وتیشی : "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان به‌راستی که‌سی یه‌کین و حه‌ز ده‌که‌م نزیکتریش بین و یه‌ک بگرینه‌وه‌ و خواستێکی وا لای من و لای تریش هه‌یه"، زیاتر روونیشی کرده‌وه‌ باشتره‌ هه‌موو ئه‌و حیزبانه‌ی له‌م ناوچه‌یه‌ن و یه‌ک بگرینه‌وه‌ یان له‌ یه‌کتر تێبگه‌ین، ئه‌توانین باشتر خزمه‌تی خه‌ڵکی کوردستان بکه‌ین و ده‌شی که‌ین.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له ‌ڕابردوودا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان گله‌یی له‌ یه‌کێتی هه‌بووه‌ که‌ زیاد له‌ رێککه‌وتن و لێکتێگه‌یشتنێک هه‌بووه‌ به‌ڵام له‌لایه‌نی یه‌کێتییه‌وه‌ پابه‌ندبوون بۆ جێبه‌جێ کردنی له ‌هه‌ندێ بارەوە  نه‌بووه‌؟ بافڵ تاڵه‌بانی وتی :  ئێمه‌ بۆ هه‌موو شتێک ئاماده‌ین، رێککه‌وتنی کۆن جێبه‌جێ بکه‌ین، یان ره‌نگه‌ ئه‌مه‌یان باشتربێت، ئه‌مڕۆ رۆژێکی تره ‌و چه‌ند ساڵێک تێپه‌ڕیوه‌، به‌بۆچوونی من ئێمه‌ له‌گه‌ڵ براکانمان له ‌بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دانیشین، ئیتیفاقێکی تازه‌ی ستراتیجی‌ بکه‌ین که‌ بتوانین جێبه‌جێی بکه‌ین و گونجاو بێت له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆ، نه‌ک رێککه‌وتنێک که ‌چه‌ندین ساڵ پێش ئێستا نووسراوه‌، به‌ڵام بۆ هه‌ردووکی ئاماده‌ین.

سەرپەیڤ