ئه‌یلوول 06, 2021 15:49 Asia/Tehran
  • دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی بادینان دواخرا

هەرچەندە بڕیاربو ئەمڕۆ دوشەممە دادگاییکردنى چەند دەستگیرکراوێکى دیکەی بادینان لەهەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی گۆڕینی دو دادوەری دادگاکە، دادبینی دۆسیەکە بۆ 4ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دواخرا.

بە پێی ھەواڵێکی میدیای خەندان ، بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، بەهۆی گۆڕینی دو دادوەری دادگاکە کە ئاگاداری دۆسییەکە نەبون، ئەمڕۆ دوشەممە دانیشتنی دادگا بۆ دادبینی زیاتر لە دۆسیەکە دواخراوە.

بڕیارە دانیشتنی داهاتوی دادگا لەسەر چەند دەستگیرکراوێکى دیکەی بادینان رۆژی  4ی (تشرینی یەکەمی/10)ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان وتی، "بڕیاربو ئەمرۆ دادگایی هەریەکە لە مەسعود شنگالی، شیروان تەها، کارگەر عەباس، بەندەوار ئەیوب لە دادگاى هەولێر بەڕێوەبچێت".

ئەوەشی خستەڕو، "دەستگیرکراوەکان دۆخی تەندروستی و دەرونیان باش نیە و داوا لەدادگا و هێزە ئەمنییەکان دەکەین بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان مامەڵە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان بکەن، هەروەها رێگەیان پێبدرێت پارێزەر و خێزانەکانیان لەزیندان سەردانیان بکەن".

 هاوکات کامەران عوسمان، نوێنەری رێکخراوی CPTی ئەمریکی رایگەیاند، "ئەمڕۆ بەپاساوی گۆڕینی دو دادوەر، دادگاییکردنی پێنج چالاکوانی دیکە دواخرا، ئێمە پێمانوایە ئەو دادگاییکردنە و مامەڵەیەی لەگەڵیاندا دەکرێت مامەڵەیەکی نادادپەروەرانەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە ئەنجومەنی دادوەری کوردستان دەکەن پێداچونەوە بەو دۆسیەیەدا بکەن و ئازادی بۆ زیندانیانی بادینان بەدەستبهێنن.16ی (شوبات/2)ی ئه‌مساڵیش دوای‌ دو ڕۆژ له‌دانیشتنی‌ دادگا، دادگای‌ دوی هه‌ولێر‌ سزای‌ شه‌ش ساڵ زیندانیکردنی‌ به‌سه‌ر هه‌ریه‌ک له‌رۆژنامه‌نوسان‌ و چالاکوانانی‌ بادینان ‌(شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، شڤان سه‌عید، ئه‌یاز که‌ره‌م‌، هاریوان عیسا) سه‌پاند.

سەرپەیڤ