دادگای تاوانەکانی هەولێر سزای زیندانیکردنی بەسەر چوار چالاکوانی دیکەی بادیناندا سەپاند
دادگای تاوانەکانی هەولێر لەدانیشتنی ئەمڕۆ دوشەممەدا بڕیاریدا هەریەک لە رۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان مەسعود عەلی بە سێ ساڵ و شەش مانگ، شیروان تەھا ئەمین بە دو ساڵ و شەش مانگ، بەندەوار رەشید و کارگەر عەباس بەساڵێک دو مانگ زیندانیکردن سزابدات، بەڵام بەهۆی تەواوبونی ماوەی زیندانیکردنەکەیان بەندەوار رەشید و کارگەر عەباس ئازاد دەکرێن.
بە پێی هەواڵێکی میدیای خەندان ، عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کە بەشداری لەدانیشتنی ئەمڕۆی دادگاییکردنی چالاکوانانی بادینان کردوە، رایگەیاند، لەدانیشتنی ئەمڕۆی دادگای هەولێردا مەسعود عەلی بە سێ ساڵ و شەش مانگ، شیروان تەھا ئەمین بە دو ساڵ و شەش مانگ، بەندەوار رەشید و کارگەر عەباس بەساڵێک دو مانگ زیندانیکردن سزابدات، بەڵام بەهۆی تەواوبونی ماوەی زیندانیکردنەکەیان بەندەوار رەشید و کارگەر عەباس ئازاد دەکرێن.
هەرچەندە بڕیاربوو 4ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ و دوای 14 مانگ لە زیندانیکردنیان، پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو چوار چالاکوانە لەهەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەو کات دەستەی پارێزەرانی زیندانیکراوانی بادینان رایگەیاند، بەپاساوی گواستنەوەی دو دادوەری دۆسیەکە، پرۆسەی دادگاییکردنەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە.
لای خۆیەوە عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دۆسیەی ئەو چوار چالاکوانە رایگەیاند، "پێشتر لە دادگا ئامادەبوم. بە وردی گوێم لەو تۆمەتانە گرت ئاراستەیان کرابو و تۆمەتبارکرابون بەوەی ڕێکخراوێکیان دروستکردوە بەناوی (حرکة مستقبل)، ئەنجومەنی ئاسایش تۆمەتباری کردبون بەوەی ویستویانە تێکدان و ئاژاوگێڕی بکەن و ھەوڵی تیرۆرو تەقاندنەوەو گروپی چەکدار دابنێن!،کوڕی سەرۆکی حکومەت و پارێزگار تیرۆر بکەن".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەڵام بچوکترین بەڵگە بۆ ئەم تۆمەتە نەبو چەکێک نەگیراوە، تەقەمەنیەک نەگیراوە، دانپێدانان و بەڵگەو شاھیدێک بونی نیە! بەشێکی دیکەی تۆمەتەکان ھەبوونی پەیوەندی لەگەڵ د.بەرھەم ساڵح و مستەفا کازمی و پێدانی پرۆژە بە ئەمریکیەکان بوە !، تەنیا ھەواڵدەری نھێنی بەناوی ژمارە 33 ھەیە کەس نازانێت کێیە ڕاستە یان وەھمە، لە پێش دەستەی سەرۆکایەتی دادگای تاوان ئامادە نەبوە پرسیاری لێبکرێت".