کانونی یه‌که‌م 23, 2021 16:48 Asia/Tehran
  • پیشانگا ئێرانییەکەی دھۆک پێشوازییەکی بەرچاوی لێ کرا

پێشانگەیەکی پەیوەست بە بەرهەمەکانی ئێران بە تایبەت شارە کوردییەکان لە شاری دهۆک کراوەتەوە کە زیاتر پیشەی دەستی، کەلوپەلی نێوماڵ، جوانکاری و خواردەمەنیی تیادایە.

ماوەی نزیکەی حەوتەیەک دەبێت کە پێشانگەیەکی ئێرانی لە شاری دهۆک ی ھەرێمی کوردستان کراوەتەوە کە زۆربەی کاڵاکانی پەیوەستن بە بەرھەمەکانی کوردستانی ئێرانەوە، پێشانگەکە لە ئێستاش دا ھیەر بەردەوامە و زۆربەی بەشداربووانیشی لە سنەوە هاتوون. خاوەن پیشەکانی ١٦ شاری ئێران بەرهەمەکانی خۆیان لەو پێشانگەیەدا خستووەتەڕوو.

«مریەم مورادی»، بەشداربوویەکی پێشانگەکەیە و دەڵێت، "کاره‌کانمان زۆر تایبەت و ناوازەن، بەرهەمەکانمان لای خەڵکی سنە و دهۆکیش پەسەندن، پێشوازییه‌کی باشمان لێدەکرێت، هەموو‌ بەرهەمەکانمان کاری دەستین و هیچ شتێکمان نییە لە کارگەوە دروستکرابێت.

" پێشانگەکە لە ١٥-١٢-٢٠٢١ وە کراوەتەوە و تاوەکو ٢٥ی ئەم مانگەش بەردەوام دەبێت، رۆژانە بەشێک لە خەڵکی دهۆک سەردانی پێشانگەکە دەکەن و کەلوپەلی دڵخوازی خۆیان دەکڕن.

«ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌د»، خەڵکی دهۆکە و بە مەبەستی کڕین سەردانی پێشانگەکەی کردووە دەڵێت، "چەند ساڵێکە ئەو جۆرە پێشانگەیانە لە دهۆک دەکرێنەوە، ئەوان گرووپێکن جلوبەرگ، ئیکسسوارات، خواردن و شیرینی نمایش دەکەن، چونکە هەندێک شت لای ئەوان هەیە ئێمە نیمانە، ئەو شتانەی ئەوان دەیهێنن هەرزانترە."

 زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی کە لەپێشانگەکەدا نمایشکراون، بەرهەمی دەستی شارەکانی ئێرانن بە کوردستانیشەوە، ساڵانە بەرهەمی چەند شارێکی جیاواز دەهێندرێنە دهۆک. 

«زانیار لوتفوڵڵا»، سەرپەرشتیاری پێشانگەکەیە و وتوویەتی: خەڵکی شاری دهۆک حەزیان لەکاری دەستییە، هەموو ئەو جلوبەرگانەی بۆ ئافرەتان دروستکراون کاری دەستین، هەم کەلوپەلەکانمان باشن هەمیش نرخەکانییان گونجاون، بۆیە خەڵک دێن و سەردانمان دەکەن.

جێگای ئاماژەیە بڕیارە کردنەوەی پێشانگەی کەلوپەلی شارەکانی ئێران ساڵانە دوو جار لە فامیلی مۆڵی دهۆک بکرێتەوە.

سەرپەیڤ