نوێنەری هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا: حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ ناردنەوەی بەزۆری پەنابەراندا نییە
نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە یەکێتی ئەوروپا ئاشکرایکرد، لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە فشارێکی زۆر لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆ ناردنەوەی پەنابەران بەشێوەی زۆرە مللێ دەشڵێت، حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ بەزۆر ناردنەوەی پەنابەراندا نییە.
بە پێی ھەواڵی میدیاکانی ھەرێم ، دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەوروپا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە،" یەکێتی ئەوروپا فشارێکی زۆری خستووتە سەر حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەزۆر پەنابەران رەوانە بکرێنەوە، تا ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بە زۆر ناردنەوەی پەنابەراندا نییە، لەوانەیە زۆریش لەسەر حکوومەت کەوتبێت بۆ رەتکردنەوەی ئەو داواکاریەی یەکێتی ئەوروپا، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی پەنابەران حکوومەتی ھەرێم نەچووەتە ژێر باری ئەو داواکاریەی ئەورۆپا.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە ئەوروپا دەشڵێت، " نزیکەی 15 ساڵ دەبێت ئەو فشارە ھەیە لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەندێ لایەن پڕۆپاگەندەی ئەوە دەکەن ھەرێمی کوردستان رازیە بەو داواکاریەی ناردنەوەی پەنابەران، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی ھەرێم بە ھیچ شێوەیەک لەگەل ناردنەوەی زۆرە ملێ نیە بۆ پەنابەران".
دلاوەر ئاژگەیی ئاماژەی بەوەش کردووە،" حکوومەتی ھەرێم تەنیا لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیە بۆ ھەر کەسێک ئەگەر بیەوێ بگەڕێتەوە، لەگەل ئەوەشدا ھەرێمی کوردستان ئامادەی کار ئاسانییە بۆئەو پەنابەرانەی بە ئارەزوومەندانە دەیانەوێ بگەڕێنەوە، تۆمارکردن و ناردنەوەی پەنابەران لە رێگەی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵە، لەبەر ئەوەش ئەو ئامارەی تۆمارکردنی پەنابەران لای ئێمە نییە و نازانین چەند کەس بۆ گەڕانەوە خۆیان تۆمار کردوە.