May 18, 2024 11:35 Asia/Tehran

ڕاوێژکارێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیچ بڕیارێک نادات بۆ دیاریکردنی "وادەی نوێی" هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە بێ کۆدەنگی حزب و لایەنە کوردستانییەکان.

"زیرەک کەمال"ی ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەیوەندی بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و حزب و لایەنەکان و سەرۆکی هەرێمەوە هەیە، سەرۆکی هەرێم بەبێ کۆدەنگی هەمو لایەنەکان هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە نادات".

14ی ئه‌م مانگه‌، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکایەتی دادگای فیدڕاڵی عێراق و بەرپرسانی تری باڵای عێراق دا کۆبوەوە.زیرەک کەمال دەڵێت، "سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە، سەردانەکە تەنها بۆ پرسی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو بۆ بابەتی موچە و بودجە و هەڵبژاردنیشە".

کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتی دادگای فیدڕاڵی عێراق لەکاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردودا ئەو دادگایە چەندین بڕیاری هەستیاری لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەرکرد، بەشێک لە بڕیارەکانی نیگەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی توندی پارتی لێکەوتەوە.

سەرپەیڤ