فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچە سنوریەکانی سلێمانیان بۆردومان کرد
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە درێژەی دەسدرێژکاریی بۆسەر خاکی عێراق، بەشێک لە ناوچە سنوریەکانی شاری سلێمانیان بۆردومان کرد و پاش ئەو بۆردومانە، بەشێک لە ناوچەکە، تووشی ئاگرکەوتنەوە بوو و زیاتر لە شەش هێکتار زەوی لە ئاگردا سووتا.
"کامەران عوسمان" سەرۆکی بەشی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی سی بی تی ئەمریکی لە دیمانەیەکدا ڕایگەیاند: کاتژمێر پێنج و بیست خولەکی سەرلەئێوارەی رۆژی چوارشەممە سێ جار چەند ناوچەیەکی شارەکانی "شارباژێڕ" و "ماوەت" لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیاوە بۆردومان کران.ناوبراو وتی: لە دوو بۆردومانی یەکەمدا، ناوچەی دوکان کرایە ئامانج و لە بۆردومانەکانی دیکەشدا، ناوچەی "گردەڕەش" بۆردومان کرا کە بەهۆی ئەو پەلامارانەوە، زیاتر لە شەش هێکتار زەوی سوتاوەو پاش دەسپێبوونی ئاگرکەوتنەوەکە، خەڵکی ناوچەکە هەوڵیاندا کۆنترۆڵی بکەن و بیکوژێننەوە.شارەکانی شارباژێڕ و ماوەت لە باکوری سلێمانی هەڵکەوتوون. بەقسەی کامەران عوسمان هێشتا لەبارەی ژماری بەرکەوتووی ئەو پەلامارانە هیچ زانیاریەک لەدەستدا نیە. هاوکات لەگەڵ ئەو پەلامارە ئاسمانییەی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچەکانی دەورووبەری سلێمانی، چەند سەرچاوەیەکیش لە هەرێمی کوردستان هەواڵی بۆردومانی چیای "بەرزوتیش" ی سەربە ئاوایی قامیش لە ناوچەی شارباژێڕیان ڕاگەیاند.