تەشەنەی کێشەی نێوان حیزب و لایەنەکانی هەرێم لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی
لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە شەشەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان پلان و بەرنامەکانیان لە دواڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند.
پارت و کۆتلە و هاوپەیمانییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دوایین بانگەواز و بانگەشەکانی هەڵبژاردنی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە کە ئەمشەو ماوەی بانگەشە کۆتایی دێت. بانگەشە و ململانێی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ٢٥ی سێپتەمبەر دەست پێبوو و بڕیارە دەنگدانی تایبەت ١٨ی ئۆکتۆبر و دەنگدانی گشتیش ٢٠ی ئۆکتۆبر بەڕێوەبچێ. پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر بانگەوازی گشتییان ئەنجامدا. بەرەی گەل کە ڕەوتێکی سیاسیی تازەیە بە سەرۆکایەتی لاهوور شێخ جەنگی، یەکەم جارە کە لە هەڵبژاردنەکان بەشداری دەکات. پارت و هاوپەیمانییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر، دوایین بانگەوازە جەماوەرییەکانیان بۆ پاڵپشتی کرانی لیستەکەیان بەڕێوەبرد. نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەشداری لە کەمپەینی هەڵبژاردنی پارتی داوای لە خەڵک کردووە کە ئەمجارەیش پارتی دیموکراتی کوردستان تاقی بکەنەوە و دەنگ بدەنە ئەم حیزبە. نێچیرڤان بازارنی پێداگری کردووە کە بێتوو خەڵک بە دەنگدانیان بە پارتی ئەم حیزبە بەهێز بکەن، دڵنیایان دەکەینەوە لەوەی کە پارتی وادە و بەڵێنەکانی بەجێ دێنێ و هەموو توانای دێنێتە مەیدانەوە بۆ ئاوەدان کردنەوە و دابین کردنی ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی هەرێم.
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتییش لەدواین هەڵمەتی هەڵبژاردنی حیزبەکەی لە هەولێر رایگەیاند، هەندێک کەس زمانی نزمیان لە بانگەشە بەکارهێنا بۆ راکێشانی پارتی بۆ ئەو ئاستە، بەڵام پارتی رانەکێشرایە ئەو ئاستە نزمە.
لەهەمبەردا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە دوایین هەڵمەتی هەڵبژاردنی بانگەشەی حیزبەکەی لە هەولێررایگەیاند؛ بۆ ئەو برادەرانەی دەڵێن چی دەڕووخێنن و تێناگەن، دەڵێین کۆتایی بە زوڵم و ستەمی ئەم حکومەتە دەهێنین کە زەویی هەولێر و موسڵ داگیر کراوە، سەرمایەداران دوورخراونەتەوە و باجیان لێ سەندراوە. بافڵ راشیگەیاند؛ کۆمەڵێک خەڵک لە کوردستان کە یەکێتی نین دەنگ نادەن بەهیچ لایەنێک و ناحەقیشیان نەبوو، یەکێتیش وەک پێویست نەبوو لەگەڵیان، بۆیە دەنگیان نەدەدا.
خالید عەبباس سەرۆکی نووسینگەی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاندووە: تەگبیرە ئەمنییەکان دەست پێبووە و هەموو کەرەستەکانی پێویستی دەنگدانیش گوێزراونەوەتە بۆ شوێنی مەبەست، فەرمانبەرانی ئێمە ئامادەن و پرۆسەی ئامادەسازی کۆتایی هاتووە.