دۆزرانەوەی گۆڕێکی کەونارایی لە هەرێمی کوردستان کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر
گەڕەکێکی کەونارایی لە هەولێر دۆزراوەتەوە کە گۆڕێکی بەکۆمەڵ و پاشماوەی زیاتر لە ١٠٣ کەلـلەسەری مرۆڤ و چەندین پارچە ئاسەواری مێژوویی لەخۆ دەگرێ و ئەگەرهەیە، گۆڕەکەی هی سەردەمی ساسانیەکان بێ.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر وتی: لەکاتی جێبەجێکرانی پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریی لە گەڕەکی باغلومناری شاری هەولێر، کرێکارەکان ژمارەیەک ئێسک و پرووسکی مرۆڤیان بینیوە. دوای کنەوپشکنین دەرکەوتووە کە پێگەیەکی شوێنەواریی گرنگە.
ئومێد خۆشناو لەبارەی تەمەنی ئەو پێگە شوێنەوارییە وتی، خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە مێژووی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە و پارچە شوێنەوارییانە بۆ زیاتر لە هەزار و چوارسەت ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
محەممەد لەشکری، بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتی تیمی دۆزینەوەکە، وێڕای ئاماژە بەوەی کە لەو گۆڕەدا ١٠٣ کەلـلە سەر دۆزراوەتەوە، وتی: ئەو ناوچەیە بە شانشینی ئەدیابین دەناسرێت. شانشینەکە لە کتێبی کرۆنۆلۆژیای ئەربیلدا باس کراوە و دەگەڕێتەوە بۆ سەتەی چوار و پێنجی زایینی.