تشرینی یه‌که‌م 14, 2024 20:08 Asia/Tehran
  • پێداگریی ئێران و عومان لە سەر پێویستیی ڕاگیردرانی ژینۆسایدی ئیسراییل لە غەززە و لوبنان

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عومان سەبارەت بە باروودۆخی پڕمەترسیی ناوچەکە بیر و ڕایان گۆڕییەوە و خوازیاری ڕاگیردرانی خێرای ژینۆساید و دەسدرێژیی ڕژێمی ئیسراییل بۆ سەر کەرتی غەززە و لوبنان بوون.

"سەید عەبباس عەراقچی" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی وتووێژ و ڕاوێژی دیپلۆماسیانەی سەبارەت بە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ «سید بدر البوسعیدی» وەزیری دەرەوەی پاشایەتی عومان دیدار و وتووێژی کرد. وەزیری دەرەوەی ئێران لە ماوەی دوو ڕۆژی رابردوویشدا لەگەڵ کاربەدەستانی عێراق و عومان سەبارەت بە پرسەکانی ناوچەکە و پێویستیی کۆتایی هاتنی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی لە غەززە و لوبنان بیر و ڕای گۆڕیوەتەوە. عەراقچی کە سەفەرە ناوچەییەکەی لە لوبنان و سوریاوە دەست پێ کرد، هەفتەی ڕابردوو سەردانی عەرەبستان و قەتەری کرد. عەراقچی ڕۆژی رابردوو  (یەکشەممە)ـیش  وتووێژی بەسوودی لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای عێراق سەبارەت بە باروودۆخی هەستیاری ئەمنیی لە ناوچەکە هەبوو و دوو وڵات سوور و پێداگر بوون لە سەر زیاتر کردنی هەوڵەکانیان بۆ یارمەتیی وڵاتانی دیکەی ناوچە و لایەنەکانی هاوپێوەند بۆ پاراستنی ئاشتی، پاوەجێی و ئاسایشی ناوچەکە. لە دیداری سید عباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و سید بدر البوسعیدی وەزیری دەرەوەی عومان دوولایەن بە خۆشحاڵی دەربڕین بەرامبەر بە بتەو و پاوەجێ بوونی پێوەندیی دێرین و دۆستانەی دوو گەل، جەختیشیان کرد لەسەر سوور و پێداگر بوونیان بۆ بەهێزتر و بەربڵاتر کردنی پێوەندییەکان لە هەموو بوارێکدا. دوولایەن بە لێکدانەوەی دوایین ڕووداوەکانی ناوچەکە بەتایبەت باروودۆخی پڕمەترسیی سەرچاوەگرتوو لە جەنایەت و دەسدرێژیەکانی ڕژێمی زایۆنی لە غەززە و لوبنان، جەختیان کرد لە سەر پێویستیی هەڵگیرانی هەنگاوێکی خێرا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ کۆتایی هێنان بە ژینۆساید و دەسدرێژییە سەربازییەکانی ئیسراییل. 

دوو وەزیر هەروەها ڕێککەوتن لە سەر پێویستیی پەرەپێدرانی پێوەندییەکان لەگەڵ لایەنە ناوچەیی و نیودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی پاوەجێی و ئاسایشی ناوچەکە و پێشگری بە پەرەسەندنی ئاڵۆزی و شەڕ. 

«اسماعیل بقایی هامانه» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژە بە سەفەری سەید عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عومان، وتی: عەراقچی لە دیداری سەید «بدر البوسعیدی» وەزیری دەرەوەی پاشایەتی عومان باس و وتووێژی زۆر سوودمەندیان هەبوو سەبارەت بە پرسە دڵخوازەکانی دوولایەن و یان نیگەرانییە هاوبەشەکانیان. 

وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران جەختی کرد: عەراقچی و بەدر بووسەعیدی پێداگریشیان کرد لەسەر پێویستی درانی هەوڵێکی زیاتر بۆ ڕێکخستنی هەموو یارمەتییە مرۆڤدۆستانە نیودەوڵەتییەکان بۆ ئاوارە فەلەستینییەکان. عەراقچی لە ڕۆژانی ئەمدواییەدا لە سەفەری بۆ لوبنان، سوریا، عەرەبستان، قەتەر و عێراق بە پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ ناوچەکە و جیهان، لەگەڵ وتووێژ و راوێژی دیپلۆماسیانەی سەبارەت بە مەسەلەی راگرتنی جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی، ئامادەیی ئێرانیشی راگەیاند بۆ هەردوو ڕێگای ئاشتی و شەڕ. 

سەرپەیڤ