Oct 10, 2019 11:24 Asia/Tehran
  • پرس و راوێژی بەرهەم ساڵح لەگەڵ سەرکردەکانی کۆمکاری عەرەبی سەبارەت بە هێرشەکەی تورکیا

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە بارەی ھێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر باکووری وڵاتی سووریا لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی کۆمکاری عەرەب وتووێژ دەکات.

سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند: بەرهەم ساڵح شەوی رابردو لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردەکانی کۆمکاری عەرەبی پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەنجامداوە و تاوتوێی دۆخی باکووری سوریا و هێرشەکانی تورکیای کردوە.

هاوکات تەلەفزیۆنی فەرمیی میسریش وای  بڵاو کردەوە کە، بەرهەم ساڵح  پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک کۆماری میسر ئەنجامداوە و لەبارەی رەوشی سوریا و ناوچە کوردنشینەکانی ئەو وڵاتە گفتوگۆیان کردووە.

هەروەها سەرۆک کۆماری عێراق  لە  تویتێکدا  داوای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەکگرتو بێت سەبارەت بە رێگریکردن لە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی سوریا.

سەرۆک کۆماری عێراق راشیگەیاند : هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر خاکی سوریا پەرەسەندنی گرژی وئالۆزییەکی مەترسیدارە ودەبێتە هۆکاری مەینەتیی مرۆڤایەتی و بووژانەوەی  گروپە تێرۆریستەکان.

لە ئەنجامی سەرشۆڕکردنی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ھەمبەر پێداگرییەکانی دەوڵەتی دادوگەشەی ئانکارا، ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە باسی دەست پێ بوونی ئۆپراسیۆنی سەربازیی لە باکووری سووریای کرد بە بیانووی خەباتی دژی کوردانی ئەو وڵاتە.

«فۆئاد ئۆکتای» جێگری سەرۆک کۆماری تورکیاش لەپاش دەست پێ بوونی ئۆپراسیۆنی بە ناو «چاوگەی ئاشتی» بانگەشەی کرد کە گوایە ئامانج لەو ئۆپراسیۆنە گەڕاندنەوەی ئاشتی بۆ سووریایە.

ئۆپراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا لەگەڵ ئیدانە کرانی بەربڵاوی نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەتەوە.

بۆچوونت