Sep 09, 2019 17:05 Asia/Tehran
  • لیستێکی کوردستانی لەکەرکوک پێکدەهێنرێت

لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک جگە لە نەوەی نوێ، بۆ قسەکردن لەسەر پرسی یەک لیستی حیزبە کوردستانییەکان، لە بارەگای کۆمیتەی کەرکوکی حیزبی شیوعی کوردستان کۆبوونەوە و بڕیاریاندا بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بکەن.

دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەش رەوەند مەلا مەحمود جێگری مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی عێراق ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا کە بۆ قسەکردن بوو لەسەر پرسی یەک لیستی حیزبە کوردستانییەکان و ئامادەکارییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە بڕیارە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، لایەنە سیاسییەکانی کەرکوکی رێککەوتوون کە بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن.

جێگری مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی عێڕاق وتیشی: هاوپەیمانییەکیان پێکهێناوە بەناوی کەرکوک کوردستانییە و بڕیاردراوە سەرجەم ئەو لایەنە سیاسیانەی کە ئەمڕۆ بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردووە لەژێر ناوی ئەو هاوپەیمانییە بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن .

بۆچوونت